دوای هەڵبژاردن مانگێک لەبەردەم لایەنەکانە بۆ هەڵگرتنی فلێکس و پۆستەرەکان

رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتە زیاترە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکردووە، دوای هەڵبژاردن بەربژێر و حیزبەکان مانگێکیان لەبەردەستە بۆ هەڵگرتنی فلێکس و ئاڵاکان.
 
ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی (شەممە 25-10-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 12ـی تشرینی دووەمەوە مانگێک بەربژێران و حیزبکان دەرفەتیان هەیە بۆ لادانی فلێکس و ئاڵا و پاشماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن".
 
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی لە 9ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، ئەیسەر یاسین گوتی: "دوو رۆژ پێش ئەوکاتە بانگەشی هەڵبژاردن دەوەستێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن: "هەر کەسێک دوای ئەو مانگە فلێکسەکان لانەبات، رووبەڕووی پێبژاردن دەبێتەوە، لەو بڕە پارەیەی وەکو بارمتە لای کۆمسیۆنی داناوە، ئەگەر تێچووەکە زیاتریش بوو لەو بڕەی دایناوە، بە یاسا لە ماوەی 10 رۆژدا ئاگادار دەکرێتەوە کە پارەکە بدات".
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، مافی دەنگدانیان هەیە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بەربژێر کردووە.