سوودانی لە بەسرە داوای لە خەڵک کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەکەی لە بەسرە، پەیامێکی ئاراستەی جەماوەرەکەی کرد و گوتی: "بەسرە رۆح و ئومێد و داهاتووی عێراقە".
محەممەد شیاع سووودانی رایگەیاند، بەڵێنەکانی حکومەتەکەی تەنیا قسەی هەڵبژاردن نین، بەڵکو "گرێبەستی شەرەفن" لەگەڵ خەڵک و داوای لە خەڵک کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن.
بەسرە؛ دڵی ئابووریی عێراق
سوودانی، گوتارەکەی بە ستایشکردنی بەسرە دەستپێکرد و گوتی: "بەسرە شاری نەوت، بەندەر و دەروازەی عێراقە بەڕووی جیهاندا و سەرچاوەی سەرەکیی سامانی وڵاتە. هەروەک چۆن بەسرە خزمەت بە هەموو عێراق دەکات، ئاواش شایستەی ئەوەیە هەموو عێراقییەکان بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانییەکەیدا، چونکە بێ بەسرە عێراقیش نابێ."
سەبارەت بە هاوپەیمانییەکەی، سوودانی رایگەیاند: "بە ناوی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بە ناوی بەربژێرەکانمانەوە کە سەربازی کارکردنن، لە بەردەمتان راوەستاوین. هاوپەیمانییەکەمان کۆمەڵێک کەسی بەپەرۆشە بۆ جێبەجێکردنی کارەکان و بەردەوامیدان بە خزمەتکردن."
بەڵێنەکانی سوودانی بۆ خەڵکی بەسرە
سوودانی، ئاماژەی بە چەندین پڕۆژەی حکومەتەکەی کرد لە بەسرە جێبەجێ کراون و بەڵێنی نوێشی لەبارەی ئاو بە خەڵك دا و دەڵێ: "دوای چەندین ساڵ لە دواکەوتن، مانگی تەممووزی رابردوو دەست بە جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، بە تێچووی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە نزیک بەندەری فاو دروست دەکرێت."
سوودانی بەڵێن دەدات پڕۆژەکە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا تەواو ببێت و کۆتایی بە کێشەی سوێریی ئاو بهێنرێت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی 6 وێستگەی دیکەی شیرینکردنی ئاو لە سەرانسەری بەسرە داوە، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو پێش هاوینی 2026 تەواو بکرێن.
لە بواری ژینگەشدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانی و گەشەپێدان دەڵێ: "هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ لابردنی زێدەڕۆکان لەسەر رێڕەوی ئاوەکان لە ناوچەکانی باکووری بەسرە کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان."
لەبارەی کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ سوودانی دەڵێ: "کاریگەرییەکانی سووتاندنی گازی هاوەڵی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر بەسرە، لە ساڵی 2009ـەوە بەردەوامە، چارەسەری دەکەین. لەم حکومەتەدا چارەسەری پێویستمان داناوە، لە ماوەی 30 مانگدا سووتاندنی گاز لە کێڵگەکانی بەسرە دەگەیێنینە سفر."
لەبواری نەوت و وزەشدا سوودانی رایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان کردەوە، وادەکات بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کۆتایی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بهێنین." هەروەها رایگەیاند، دەست بە دروستکردنی پاڵاوگەی فاو دەکەن بە توانای 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
سوودانی بەرهەمهێنانی کارەباش دەکات لە وزەی خۆر و دەڵێ: "لە بەسرەوە کارکردن لەسەر وێستگەی کارەبای خۆری بەسرە دەستیپێکرد، بە توانای 1000 مێگاوات، ئەم پڕۆژەیە دوای چەندین ساڵ لە قسەکردن، بووە راستی."
سەرۆکی هاوپەیامانیی گەشەپێدان و ئاوەدانی باسی کەرتی تەندروستیشی کرد و گوتی :"نەخۆشخانەی سەیاب کرایەوە و رادەستی یەکێک لە دامەزراوە جیهانییە بەناوبانگەکان کرا بۆ بەڕێوەبردنی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 8 پڕۆژەی تەندروستیی دیکە کراونەتەوە. هەروەها بەردی بناخەی چەند نەخۆشخانەیەکی دیکە لە قەزاکانی مەدینە، شەتولعەرەب، ئوم قەسر و خور زوبەیر دادەنرێت."
خوێندن و ژێرخان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانی دەڵێ: "کارمان لەسەر دروستکردنی قوتابخانە کردووە و پلانێکی نوێمان داناوە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر، تاوەکو خوێندکارانمان لە بارودۆخێکی باشتردا بخوێنن، هەروەها کارمان لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی هەندێک ناحیە بۆ قەزا کردووە، وەکو ئوم قەسر."
سوودانی، پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو و رێگەی گەشەپێدانی بە "پڕۆژەی عێراق و پڕۆژەی گەل" ناوبرد و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە شادەماری ئابووریی نانەوتیی عێراق پێکدێنێت، خۆشگوزەرانیی ئابووری بە درێژایی رێڕۆکەی دێنێتە دی و هەلی کار دەڕەخسێنێت."
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بنکە پیشەسازییەکەی بەسرە لەسەر زەوی جێگیر کراوە و فراوانتر دەبێت، لە بەسرە گەورەترین کارگەکانی یۆریا و پەین، هەروەها گەورەترین کارگەکانی ئاسن و پۆڵا کار دەکەن. کارکردن لە پڕۆژەکانی شاری پیشەسازیی بەسرە و کارگەی بەرهەمهێنانی بۆری دەستیپێکردووە و کار لە دەیان کارگەی دیکەشدا بەردەوامە."
کەرتی تایبەت، پڕۆژەی نیشتەجێبوون و رۆڵی ژنان و هۆزەکان
سوودانی، جەختی لە رۆڵی گرنگی کەرتی تایبەت لە بەسرە کردەوە و بە "هاوبەشێکی سەرەکی" بۆ حکومەتی فیدراڵی و خۆجێیی وەسفی کرد.
هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس کرد بۆ دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا لە بەسرە و دیالە بە توانای 7500 مێگاوات و گوتی: "بەمدواییانەش ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی وێستگەی کارەبای فاو بە توانای 3000 مێگاوات دا."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەڵێنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خاوەن داهاتە کەمەکان دا، لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنەران و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەم چینە.
روونیشی کردەوە: "دابینکردنی شار و زەویی خزمەتگوزاری دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی. ئەم هەنگاوە لە پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردووە، بەتایبەتی ئەو زەوییانەی کە بۆ ئەندامانی دەزگە ئەمنییەکان تەرخان کراون."
لەسەر پشتیوانیکردنی چالاکییە وەرزشییەکان، سوودانی، بە شانازییەوە یادی میوانداریکردنی جامی کەنداوی 25ـی لەلایەن بەسرەوە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم پاڵەوانێتییە سیمای گەشی عێراقی پێشانی جیهاندا و سەلماندی بەسرە توانای رێکخستن و سەرکەوتنی هەیە."
رەخنە لە گەندەڵکاران و بانگەواز بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن
سوودانی، رەخنەی لە نەیارانی حکومەتەکەی گرت و گوتی: "ئێمە تەنیا گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک دەگرین و گوێ بە ژاوەژاو و هەوڵی تێکدان لەسەر رێڕەوی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان نادەین، گوێش نادەینە دەنگی شکستخواردووان و گەندەڵکاران."
سەبارەت بە دیدگەی بۆ خزمەتی گشتی، رایگەیاند: "تێگەیشتنی ئێمە بۆ خزمەتی گشتی ئەوەیە حکومەتێک بین بۆ خزمەتگوزاری و بەرژەوەندیی گشتی، نەک حکومەتێک بۆ دەسەڵات و باڵادەستی. هیچ کەسێک لە سەرووی دەسەڵاتی گەل و ویستی خەڵکەوە نییە، هەموو ئەوانەی خزمەتی گشتییان پێ سپێردراوە، لە سەرۆکوەزیرانەوە تاوەکو مامۆستای قوتابخانە، خزمەتکاری گەلن."
بانگەوازێکی ئاراستەی هۆزەکانی بەسرە و گەنجان کرد و گوتی: "هۆزە بەڕێزەکانمان لە بەسرە، خاوەنی خۆڕاگری، میواندۆستی، بەخشندەیی و بەهای بەرزن. پشتیوانتانین لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، کە لە پێناویدا ژمارەیەکی زۆر لە کوڕەکانتان شەهید و بریندار بوون. پشت بە گەنجانی بەسرە دەبەستین لە بزووتنەوەی گەشەپێدان و گۆڕانکاریدا، لەکاتێکدا ئێمە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەدەین."
داوای لە خەڵک کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن و گوتی: "هۆشیاری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی وا دەخوازێت کە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت و سازش لەسەر ئەو دەستکەوتانە نەکرێت کە موڵکی گەل و داهاتوویانە."
پارێزگای بەسرە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەمجۆرەیە:
بازنەی سێیەم
1,622,855 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان هەیە
1,559,941 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتیی دەنگ دەدەن
62,914 دەنگدەر لەدەنگدانی تایبەت دەنگدەدەن
بنکە و ێستگەکانی دەنگدان
76 بنکەی تۆمارکردن
522 بنکەی دەنگدان
سێ هەزار وێستگەی دەنگدان
دەنگدانی تایبەت
36 بنکەی دەنگدان
207 وێستگەی دەنگدان
کورسی و بەربژێرەکان
25 کورسی پەرلەمانی عێراق
25 کورسیی گشتی
6 کورسی کۆتای ژنان
ژمارەی بەربژێرەکان
571 بەربژێر