باندێکی بازرگانیکردن بە گورچیلە لە عێراق دەستگیرکران؛ '200 کەسیان بردووەتە هەرێمی کوردستان'
رووداو دیجیتاڵ
باندێکی 20 کەسیی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ، بە دیاریکراویش بازرگانیکردن بە گورچیلەوە دەستگیرکران. بەرپرسانی عێراق دەڵێن، باندەکە خەڵکیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان.
عەمید مستەفا یاسری، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەڵێت، "دوای گرتنەبەری رێکار و وەرگرتنی رەزامەندیی دادگە، تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە دانی بە تۆمەتەکەیدا نا لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە کە دواتر دەستگیرکران و نزیکەی 20 کەس دەبن، بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤەوە کردووە؛ گورچیلەیان فرۆشتوە، ئەمانە زیاتر لە 200 کەسیان بردووەتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان."
ئەوانە بەپێی مادەی 17ی یاسای نەشتەرگەریی چاندنی ئەندامانی مرۆڤ و قەدەخەکردنی بازرگانیکردنی پێوە بەگوێرەی مادەی ژمارە 11ی ساڵی 2016 دەستگیرکراون کە سزاکەی لە نێوان 10 ساڵ زیندانی بۆ زیندانی تاهەتاییە لەگەڵ سزای دارایی لە 10 ملیۆن تا 40 ملیۆن دینار.
بەگوێرەی زانارییە فەرمییەکان، تەنیا لە 2019دا نزیکەی 27 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و جەستەی مرۆڤ لە عێراق ئاشکراکراون.
عەقید ئوسامە عەلی، بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی دەڵێت، "کۆمەڵیک کەسمان دەستگیرکردن کە ژمارەیان نزیکەی 20 کەسە، لە دانپێنانەکاندا دانیان بەوەدا نا کە گورچیلە و ئەندامانی جەستەی خەڵکییان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان فرۆشتووە کە سەتان کەس دەبن، ئەمانە دەڵاڵ بوون و لە بەرامبەر بڕە پارەیەک ئەو کارەیان کردووە کە لە قوربانییەکان وەریان گرتووە."
بنکەی سەرەکیی باندەکە لە پارێزگای دیالە بووە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریان کردووە، گەنجانی نەداریان فریوداوە بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان.
دەستگیرکراوێک باس لەوە دەکات: "نزیکەی 200 کەسمان بردوون، نیوەیان لە دیالە بوون و نیوەکەی دیکە لە رێگەی گرووپی گورچیلەی فەیسبووکی خۆم بووە کە لەوێ بڵاوم دەکردەوە، دوای پەیوەندیکردن خۆم دەچووم، یان ئەوان دەهاتنە دیالە."
بەپێی دانپێنانەکانیان، هەر گورچیلەیەک بە نزیکەی 10 ملیۆن دینار فرۆشراوە. باندەکە پارەیان لە فرۆشیار و کڕیار وەرگرتووە کە نزیکەی ملیۆنێک و پێنج سەت هەزار دینار بووە.