حیزبوڵڵاى عێراقى: هێرشەکانمان لە دژى ئیسرائیل رادەگرین و دژی ئەمریکا کەمی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپى کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى رایگەیاند، هێرشەکانیان لە دژى ئیسرائیل رادەگرن و لە دژى هێزەکانى ئەمریکاش کەمی دەکەنەوە تاوەکو کۆتایی ئاگربەستى نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین لە غەززە.
25ى تشرینى دووەمى 2023، ئەبوو حوسێن حەمیداوى، ئەمیندارى گشتیى کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێرشەکانیان لە دژى بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە کەمدەکەنەوە و لە دژى ئیسرائیل رایدەگرن، تاوەکو کۆتایی ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین.
245ى تشرینى دووەمى 2023 ئاگربەستێکى چوار رۆژە لەنێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین لە غەززە راگەیێندرا، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە شارى غەززە و بەشێک لە ئاوارەکان بگەڕێنەوە و هەردوولا هەندێک لە دیل و بارمتەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
ئەمیندارى گشتیى کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى ئاماژەى بەوەداوە کە رووبەڕبوونەوە لەگەڵ "هێزە داگیرکارەکان" لە عێراق ناوەستێنن و تاوەکو عێراق "رزگار" نەکەن لەو بڕیارە پاشگەز نابنەوە.
ئەبوو حوسێن حەمیداوى رایگەیاند، پێشێلکردنى سەروەریى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و بەزاندنى ئاسمانەکەى لە رێگەى فڕۆکەى شەڕکەر و سیخوڕى و دەستوەردانى باڵیۆزەکەیان لە کاروبارى حکومەت، وادەکات کە "هەندێک لە بنەماکانى رووبەڕبوونەوەیان بگۆڕن".
کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى گرووپێکى چەکدارى شیعەى نێو حەشدی شەعبیە و بە یەکێک لە گرووپە نزیکەکانی ئێران هەژمار دەکرێت.