پەرلەمانتارێکی کورد: ناردنی مووچەی مانگی 9 دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو
رووداو - بەغدا
لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کرا، لەکاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی مووچەی مانگی 9دان. پەرلەمانتارێکی پێشوو دەڵێت، بەهۆی کەمیی سیولەوە ئەولەویەت بە فەرمانبەرانی عێراق دراوە و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەچێتە هەفتەی داهاتوو.
بڕیارە تاوەکو هەفتەی داهاتوو سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق مووچە وەربگرن. پلانی وەزارەتی دارایی عێراق بەو جۆرەیە؛ ئەگەر تاوەکو رۆژی پێنجشەممە نیوەی وەزارەتەکانی خۆیان مووچە وەربگرن، پارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکەن، بە پێچەوانەوە ناردنی پارەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوادەکەوێت.
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، وەزیری دارایی بەڵێنی داوە دوای گەڕانەوەی لە هەفتەی داهاتوودا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "لێرەدا مەبەست ئەوەیە جارێ مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی عێراق بدەن و هی هەرێمی کوردستان دوا بخەن. لەمێژە باس لەوە دەکرێت ئەو پارەیەی لەبەردەستە بەشی ئەوە ناکات هەردوو مووچەی هەرێمی کوردستان و بەغدا پێکەوە دابەش بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هێشتا خەڵکی کوردستان مووچەی مانگی 9یان وەرنەگرتووە، کەچی ئەوان مانگی 11 وەردەگرن؟"
8 رۆژە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دواکەوتووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنراون بە پرسیاری "کوا مووچە؟". پەیامنێری رووداو لە بازاڕی عەلاویی بەغداوە دەڵێت، دواکەوتنی مووچە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروستکردووە.
ئەحمەد جەبار، خاوەنی دووکانێکە لە بەغدا و دەڵێت: "بێگومان دواکەوتنی مووچە کاریگەریی هەبووە و جووڵەی بازرگانی زۆر کەم بووەتەوە، وەک دەبینن بازاڕ نییە."
عەمار یاسر، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "بەڵێ کاریگەریی زۆری هەبووە، ماوەیەکە بەهۆی بێ مووچەییەوە بازاڕ وەستاوە."
هەروەها مەناف خزر ئاماژە بە چۆڵیی بازاڕ دەکات و دەڵێت: "سەیر بکە بازاڕ نییە و کڕیار نابینیت."
پێشتر لە 16ی هەموو مانگێکەوە لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرا، بەڵام چەند مانگێکە پرۆسەکە بۆ 25ی مانگ و هەندێک جار زیاتریش دوا دەکەوێت؛ بەرپرسانی عێراق هۆکارەکە بۆ نەبوونی سیولە و پارەی کاش دەگەڕێننەوە.