کوڕەکەی خەمیس خەنجەر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەزامەندی لەسەر گۆڕینی سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان دا و محەممەدی کوڕی خەمیس خەنجەری وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانییەکە پەسند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-11-2025، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نووسراوێکی هاوپەیمانیی سەروەریمان بەدەست گەیشت کە تێیدا داوای گۆڕینی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەیان [خەمیس خەنجەر] کردبوو. لە شوێنی ئەو، محەممەد سەرمەد خەمیس وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانییەکە پەسندکرا."
بەگوێرەی نووسراوێکی، کۆمیسیۆن رەزامەندی داوە "رێکارەکانی پەسندکردنی وەک سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە بەپێی رێنماییەکانی هاوپەیمانێتی و یەکگرتنەوەی ژمارە (1)ی ساڵی 2025 تەواو بکرێ."
هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە.