رێکاری نوێ؛ گومرگی پێشوەختە کێشە بۆ هاوردە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دروست دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەغدا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی رێکاری گومرگی پێشوەختەی ئەو کاڵایانەی لە رێگەی بانکى ناوەندییەوە هاوردە دەکرێن و لە سیستمی "ئەسیکۆدا" تۆمار کراون، کە بەبێ رادەستکردنی پێشوەختى گومرگەکەی رێگە بە دەربازبوونی لە دەروازە سنوورییەکان نادرێت، ئەو پرسە کێشە بۆ ئەو کۆمپانیایانە دروست دەکات، کە لەرێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە بە سوود بینین لە دۆلارى بانکى ناوەندى کاڵا هاوردە دەکەن.
 
بەرپرسی یەکێک لەو بانکانەی مامەڵەی دۆلار دەکات دەڵێت، ئەگەر هەیە ئەو رێکارە کێشە بۆ ئەو کاڵایانە دروست بکات کە لە تورکیاوە و لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
 
گومرگی پێشوەختە
 
بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی گومرگی عێراق، کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 25ی تشرینی دووەمی 2025، دەست دەکرێت بە کارکردن بە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و پشتبەستن بەو زانیارییە پێشوەختەی گومرگ، بە تەواوی لە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 پەیڕەو دەکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو رێکارە بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، کە کۆمپانیاکانی هاوردەکار لە رێگەیەوە دۆلار بە نرخی فەرمی دەکڕن بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان.
 
ئەو رێکارە پشتبەستووە بە زانیارییەکانی نێو سیستمی ئەسیکۆدا، کە سیستمێکی جیهانیی تایبەتە بە یەکخستنی زانیاریی بازرگانی و لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەچووەتە نێو ئەو سیستمەوە.
 
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر گومرگی کاڵای هاوردەکراو لە دەروازەکان لەکاتی دەربازکردنیدا دەدرا، بەڵام بەگوێرەی ئەو بڕیارە نوێیە هەر کاڵایەک هاوردە بکرێت، بەر لە گەیشتنی بۆ دەروازەکە دەبێت گومرگی بارەکە لە بەرێوەبەرایەتییەکانى گومرگ بدرێت بۆ ئەوەی لە سیستمی ئەسیکۆدا ئەو بارەی هاوردەی دەکەن رێگەی دەربازبوونی پێ بدرێت، ئەگەرنا رێگەی گواستنەوەی پێنادرێت".
 
پێشتر گومرگی بارە هاوردەکراوەکان بە دەروازەکان دەدرا بۆ تێپەڕاندنیان، بەڵام ئەو بڕیارە مامەڵەی کاش لەو دەروازانە رادەگرێت.
 
حامی هەرکی گوتی: "سیستمی ئەسیکۆدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج و گومرگ و بانکی ناوەندی پێكەوە بەستووەتەوە، کە لەسەر بنەمای زانیاریی کاڵای هاوردەکراو گومرگ لە هاوردەکار وەردەگرێت و بانکی ناوەندی لێ ئاگادار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ناوەوەی کاڵاکە بدات".
 
تەنیا دەروازە لە هەرێمی کوردستان، دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە، کە دەتوانرێت ئەو کاڵایانە پێدا هاوردە بکرێت کە بانکی ناوەندی دۆلاری بە نرخی فەرمی بۆ کاڵاکە تەرخان کردووە.
 
سیستمی زانیاریی پێشوەختەی گومرگ ئەو دەروازەیە ناگرێتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار گوتی: "ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن و بۆ ناوەڕاست و باشوور دەڕۆن، لە بازگەی نەینەوا و کەرکووک جیاوازیی گومرگیان لێ وەردەگیرێت".
 
ئەگەر لە پێناسی گومرگی عێراقدا گومرگی کاڵایەک بە 150 دۆلار بێت و لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار گومرگی لێ وەرگیرابێت، لەو دوو بازگەیە تەنیا 50 دۆلاری لێ وەردەگیرێت.
 
ئەو رێکارەى پەیوەندار زانیاریی پێشوەختەی گومرگ، لە یەکی کانوونی یەکەمەوە هیچ بڕە دۆلارێک بۆ هاوردەکردن حەواڵە ناکرێت، ئەگەر هاوردەکار زانیاریی پێشوەختەی گومرگ نەداتە بانک. دەبێت ئەو زانیارییە لە سیستمی ئەسیکۆدا پەسەند کرابێت و ناکرێت سروشتی کاڵای هاوردەکراو بگۆڕدرێت و لە دەروازەکان دەپشکنرێت.
 
ئەگەر ئەو رێکارە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، لەیەکى کانوونى یەکەمەوە هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت بەبێ گومرگى پێشوەخت کاڵا لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل هاوردەبکات، بەشێوەیەک کە سودومەند بێت لە کڕینى دۆلار لە بانکى ناوەندى عێراق، لەبرى ئەوە دەبێت پەنا بۆ کڕینەوەى دۆلار لە بازاڕدا ببات، بەوپێیەى گومرگەکانى هەرێمى کوردستان بەشێک نین لە سیستمى ئەسیکۆدا
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی، کە بانکەکەی مامەڵەی کڕینی دۆلاری لە بانکی ناوەندی لێ دەکرێت، بە رووداوی گوت: "ئەوە دیار نییە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کاڵای هاوردەکراو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکرێت لەوەی پەیوەندیدارە بە زانیاریی گومرگی پێشوەختە کە دەبێت گومرگەکەی بدرێت، بەتایبەت کە 40% بۆ 50%ی کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لە رێگەی ئەو دەروازەیەوەیە".
 
ئەگەر شەش مانگ بەسەر حەواڵەکردنی پارەکە تێپەڕ بێت و کاڵاکە نەگەیشتە خاڵەکانی گومرگی عێراق، بانکەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە رێکاری یاسایی بگرنەبەر. حامی هەرکی دەڵێت: "ئەگەر بارەکە بەهەر هۆکارێک بێت نەگات، ئەو گومرگەی داویەتی دەفەوتێت".
 
چۆن زانیاریی پێشوەختەی گومرگ پێشکەش دەکرێت؟
 
پێویستە مەنەفێستی گرێبەستی بازرگانیی کاڵای هاوردەکراو ئامادە بکرێت، کە ژمارە و رۆژەکەی، ناو و ناونیشانی هاوردەکاری تێدا بێت، زانیاری لەبارەی سروشتی کاڵا هاوردەکراوەکە بنووسرێت لەگەڵ بڕەکەیدا، کە بە هەر جۆرێک بێت و نرخەکەشی بنووسرێت وەک تاک و بەکۆ.
 
ئەو زانیارییانە پێویستە وڵاتی دروستکار و کۆدی ئەسیکۆدا و ناوی براندەکەی تێدابێت. فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو مەبەستە هەیە، کە دەبێت هاوردەکار پڕی بکاتەوە و لەو دەروازە سنوورییەی کاڵاکەی لێوە هاوردە دەکرێت وردبینی بۆ بەراوردکردنی زانیارییەکانی گومرگ و سرووشتی کاڵاکە دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی رایگەیاند: "ئەگەر کاڵای هاوردەکراو هاوتای ئەو کاڵایە نەبێت کە زانیاریی پێشوەختەی لەبارەوە دراوە، جارێکی دیکە رێگە بە کۆمپانیاکە نادرێتەوە لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە کاری هاوردە بکات، ئەگەر گومرگی پێشوەختەش نەدات رێگەی پێنادرێت کاڵاکەی دەرباز بێت."
 
پێوەری گومرگ دەگۆڕێت
 
بڕیارە لە ساڵی نوێوە بڕی گومرگی کاڵای هاوردەکراو، کە لە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراون وەربگیرێت.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار رایگەیاند: "پێشتر بڕی گومرگ بەگوێرەی قەبارەی ئەو کۆنتێنەرانە وەردەگیرا کە دەگەیشتنە دەروازە سنوورییەکان، بەڵام لە ساڵی نوێوە بەگوێرەی جۆری کاڵاکە وەردەگیرێت، کە 1%ی بەهای کاڵاکە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 15%."
 
تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ڕێگەی سیستمی ئەسیکۆدا و هاوبەشیکردنی زانیارییەکانی بانکی ناوەندی و گومرگ، دەریدەخات ئەو کاڵایەی هاوردە دەکرێت چییە و بەهای گومرگەکەی چەند دەبێت.
 
پاساوی ئەو رێکارە نوێیە رێگرییە لە یاریکردن بە سروشتی کاڵاکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتییە بۆ دەوڵەت، کە ئێستا مانگانە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە لە عێراق کار بە وەرگرتنی 5%ی بەهای کاڵای هاوردەکراو دەکرێت وەک باج و لەوەشدا پشت بەو زانیارییە دەبەسترێت کە لە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراوە.
 
حامی هەرکی رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو رێکارە ئەگەر کۆمپانیایەک ئەو باجەی نەدابێت، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە مۆڵەتی بۆ نوێ ناکرێتەوە."