دابەزینی نرخی دینار و داواکارییەکانی ئەمریکا لە بانکە عێراقییەکان
رووداو دیجیتاڵ
25ـی مانگی داهاتوو، دوایین وادەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بانکەکانی عێراق، کە ئەگەر بە چەند بڕیارێکەوە پابەند نەبن، دەبێت دابخرێن.
دوێنێ دووشەممە، نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق دابەزینێکی لەناکاو و بەرچاوی تۆمارکرد؛ لە مامەڵەکانی رۆژدا پێش داخرانی بازاڕ لە بەغدا 100 دۆلار گەیشتە 144 هەزار و 500 دینار. لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش 100 دۆلار گەیشتە 143 هەزار و 500 دینار.
دەنگۆی زیادکردنی نرخی فەرمیی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دینار بوو، بەڵام بانکەکە ئێوارەی دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە هیچ نیازێکی بۆ زیادکردنی نرخی فەرمیی دۆلار هەبێت.
ئەمە نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار ئاساییکردەوە، بەڵام نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ و مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بانکەکانی عێراق، دەکرێت ئەگەری هەڵبەز و دابەزی نرخی دینار بە کراوەیی بهێڵێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی دینار، لەکارکەوتنی هەزاران کارتی بانکیی 'کی کارد'ـە کە بەهۆیەوە بەشێکی خانەنشینان ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن. ئەوانەشی لە دەرەوەی عێراقن ناتوانن لە رێگەی کارتەکانەوە پارە رابکێشن.
هۆکارێکی دیکە، دروستبوونی کێشەیە لە سیستمی حەواڵەی یەکێک لە بانکە گەورەکان، کە ناتوانێت لە هەندێک شوێن کارەکانی بەڕێبکات.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ، دەبێت بانکەکانی عێراق هەژمارەکانیان پاکتاو بکەن.
"داواکارییەکانی ئەمریکا"
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە ئەبوزەبی لەگەڵ شاندێکی گەنجینەی ئەمریکا کۆببنەوە و بە شاندە ئەمریکییەکە بڵێن بانکە عێراقییەکان ناتوانن پابەندی داواکاری و مەرجەکان بن و داوای درێژکردنەوەی وادەکە دەکەن.
ئەگەر وادەکە درێژ نەکرێتەوە و بانکەکان پابەندی مەرجەکان نەبن، ئەگەری هەیە ژمارەیەکیان دابخرێن، کە زیاتر لە 30 بانک دەبن. ئەوکاتە مەترسیی دابەزینەوەی نرخی دینار دروست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا هیچ بانکێکی ئەوتۆ پابەندی مەرج و داواکارییەکانی ئەمریکا نەبووە.
داواکارییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە بانکەکانی عێراق سێ داواکاریین کە دەبێت یەکێکیان جێبەجێ بکات و هەر یەکێکیان چەند مەرجێکیان لەگەڵە کە ئەمانەن:
1. مامەڵەی سەربەخۆی بانکەکان
هەر بانکێک بیەوێت سەربەخۆیانە مامەڵە بکات، داوای دۆلار بکات و حەواڵە بۆ بازرگانان بکات، دەبێت پاکتاوی هەژمارەکەی بکات و لە 2002ـەوە تاوەکو ئەو رۆژەی راپۆرتەکەی پێشكێشدەکات، هەرچی هەژمارێک کە کردوویەتیەوە و مامەڵەیەک کە کردوویەتی، رادەستی بانکی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمریکای بکات.
ئەمە ئەو حەواڵەیەش دەگرێتەوە کە کردوویەتی.
مەرجێکی دیکە بۆ ئەوەی بانکێک بیەوێت سەربەخۆ بێت، ئەوەیە ئاشکرای بکات گەورەترین هەژمار لە بانکەکە کرابێتەوە بە ناوی چ کەسێک یان کۆمپانیایەکە و چەند حەواڵەی بۆ کراوە و بۆ چ وڵاتێکیش حەواڵەکراوە و بڕی پارەکەش چەندە.
ئەگەر ئەو هەژمارە هەر کێشەیەکی هەبێت کە سەرپێچی مەرجەکان بێت، ئەگەری هەیە دابخرێت و ئەو کەسە یان ئەو کۆمپانیایەش بخرێتە لیستی رەشەوە کە حەواڵە و مامەڵەکەی بۆ کراوە.
مەرجێکی دیکەی مامەڵەی سەربەخۆ ئەوەیە بانکەکە ئەو پارەیەی وەک دەستەبەری و سەرمایە هەیەتی، لە 400 ملیار دینارەوە بۆ 700 ملیار دینار زیاد بکات.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە بانکەکە کرێیەکی ساڵانە بدات بە بانکی ناوەندی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان، کە پێنج ملیۆن دۆلارە.
2. هاوبەشی بانکی
ئەگەر بانکێکی عێراق نەتوانێت داواکارییەکەی یەکەم جێبەجێ بکات، بژاردەیەکی دیکەی دێتە پێش کە دۆزینەوەی هاوبەشە.
ئەمە یەکێکی دیکەیە لە داواکارییەکانی ئەمریکا کە دۆزینەوەی بانکی هاوبەشە کە بانکێکی نێوەندگیر بێت بۆ مامەڵەکانی حەواڵە. دەبێت بانکەکە نێودەوڵەتی بێت و لەنێو سیستمی سویفت بێت.
یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی بانکێکی عێراقی، بانکێکی هاوبەش بدۆزێتەوە، ئاشکراکردنی هەژمارەکان و مامەڵەکانە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق و ئەمریکا تاوەکو ئەو رۆژەی بە راپۆرت پێشکێشدەکرێت. دووبارە دەبێت گەورەترین هەژماریش ئاشکرابکات هاوشێوەی داواکارییەکەی یەکەم.
مەرجێکی دیکە بریتییە لە زیادکردنی سەرمایەی بانکەکە لە 250 ملیار دینارەوە بۆ 400 ملیار دینار.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکان، پێدانی کرێیەکی ساڵانەیە بە بانکی ناوەندی کە بڕەکەی 3 ملیار دینار دەبێت.
لە داواکاریی یەکەم بۆ مامەڵەی سەربەخۆ، بڕی کرێیەکە پێنج ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لە داواکارییەی دووەم سێ ملیار دینارە.
هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەگەر بانکێکی عێراقی بیەوێت سەربەخۆ بێت و داواکارییەکان جێبەجێ بکات و قبووڵ بکرێت، خۆی دەتوانێت دەستی بە دۆلار بگات، بەڵام ئەگەر هاوبەشی هەبێت، خۆی تەنیا دەتوانێت مامەڵە بە دینار بکات و دەستی بە دۆلار ناگات. دۆلاری پێویستیش بۆ مامەڵەکان ئەو بانکە دابینی دەکات کە دەبێتە هاوبەشی.
3. بچووکبوونەوە
ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێبەجێ نەکرێن، دەبێت بانکەکە 'خۆی بچووک بکاتەوە' و مایەپووچبوونی خۆی رابگەیێنێت، ئەوکاتە وەک بانک ناتوانێت کاربکات و دەبێتە کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو کە دەتوانێت داوای حەواڵەی دۆلار پێشكێشی بانکەکان بکات.
تاوەکو ئێستا هیچ بانکێکی عێراقی هیچ داواکارییەکی بە تەواوی جێبەجێنەکردووە.