وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە سێ ساڵدا 1201 تۆڕی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا ئامار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، توانیویانە 1201 تۆڕی بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە، کە 1030 تۆڕیان نێوخۆیی و 171 تۆڕی نێودەوڵەتی بوون.
بە گوتەی عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆی کێشی ئەو مادە هۆشبەرانەی لەو سێ ساڵەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، "14 تۆن و 20 کیلۆگرام" بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، لە سێ ساڵی رابردوودا، "13 هەزار و 118 کەس بەهۆی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزا دراون، کە 300 سزای لەسێدارەدان و 1147یشیان سزای تاهەتایی بوون."
بەهادلی راشیگەیاند، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی تاوانباراندا 274 پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە روویانداوە، بەهۆیانەوە 7 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون و 90ی دیکەش بریندار بوون، لە بەرامبەردا 36 بازرگان کوژراون و 81ی دیکەش بریندار بوون."
لە عێراق دا 16 ناوەندی شیاندنەوە هەن بۆ رزگارکردنی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر، بە گوتەی عەباس بەهادلی، "تاوەکو ئێستا 6022 کەس شیاندنەوەیان بۆ کراوە و ئێستاش 1228 کەسی دیکە لەژێر رێکارەکانی شیاندنەوەدان."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەش کرد، بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی، توانیویانە 40 ئۆپەراسیۆن لە دەرەوە لە دژی تۆڕەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بکەن و دەیان تۆمەتبار دەستگیر بکەن.