هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان شەش ملیار داهات و 150 ملیار دینار خەرجى هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
تێکڕاى بارمتەى دارایی پارت و هاوپەیمانێتیى و بەربژێرانى بەشدار لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان شەش ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە کە لێیان وەرگیراوە و دەبێتە بەشێک لە خەزێنەى دەوڵەت، لەکاتێکدا 150 ملیار دینار تێچووی ئەو هەڵبژاردنە بووە.
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەر بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەک ملیۆن دیناری لێوەرگیراوە وەک بارمتە و هاوپەیمانێتیەکان 10 ملیۆن و پارتە سیاسیەکانی بەشداربووى هەڵبژاردنیش پێنج ملیۆن دینار".
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو بڕە پارەیەی کە لەو بەربژێر و پارت و هاوپەیمانێتیانە وەرگیراوە ناگەڕێندرێتەوە بۆیان و دەبێتە بەشێک لە داهاتى دەوڵەت و دەخرێتە خەزێنەى گشتییەوە".
38 هاوپەیمانێتى بەشداریان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کرد کە لە 18ى کانوونى یەکەم کرا، کە بڕى پارەى بارمتەى داراییان دەکاتە 380 ملیۆن دینار، 28 پارتى سیاسیش بەشداربوون لە هەڵبژاردن کە تێکڕاى پارەى بارمتەى داراییان دەکاتە 140 ملیۆن دینار، لە کاتێکدا پێنج هەزار و 904 بەربژێر بەشداربوون لەو هەڵبژاردنە کە بارمتەى داراییان دەکاتە پێنج ملیار و 904 ملیۆن دینار، بەمەش کۆی گشتی پارەکەیان دەکاتە شەش ملیار و 424 ملیۆن دینار.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 2ى ئایارى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر خەرجکردنی 150 ملیار دینار دەربڕى وەک بودجەى تێچووى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.