هاووڵاتییەکى کوێتى لە عێراق دیار نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکى کوێتى لە پارێزگاى ئەنبار دیارنامێنێت و وەزیرانى دەرەوەى کوێت و عێراق لەسەر پرسی دیارنەمانى هاووڵاتییەکە بە تەلەفۆن قسەیان کرد، بەگوێرەى میدیاکانى کوێت، دوو کوێتی لە نێوان سەڵاحەدین و ئەنبار رفێندراون.
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023، وەزارەتى دەرەوەى کوێت لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە ساڵح عەبدوڵا جابر سەباح، وەزیرى دەرەوەى کوێت بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق کردووە، بۆ تاوتوێکردنى پرسی دیارنەمانى هاووڵاتییەکى کوێتى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، دەسەڵاتدارانى عێراق سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لە دیارنەمانی کوێتییەکە، بەڵام میدیاکانی کوێت باس لە دیار نەمانی دوو کوێتی دەکەن لە عێراق و دەڵێن "رفێندراون".
میدیاکانی کوێت ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەو دوو هاوڵاتیە بەمەبەستى راوکردن چوونەتە عێراق و کاتێک لە نێوان پارێزگاى سەلاحەدین و ئەنبار هاتووچۆیان کردووە، لە لایەن ژمارەیەک چەکدارى نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەریان و ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاندوون و دوو هاوڵاتییەکەشیان رفاندووە.