حکومەتی عێراق دەیەوێت دەستکاری مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران بکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەیەوێت "دادپەروەری" لە مووچەدا بکات و دەستکاری سیستمی دەرماڵە دەکات. راوێژکاری سوودانی ئاشکرای دەکات، تەنیا باج لەسەر مووچەی بنەڕەتی هەیە و 67%ـی داهاتی فەرمانبەران لە باج بەخشراوە، بۆیە دەبێت یاساکان هەموار بکرێنەوە.
 
رۆژی 15-12-2025، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد بۆ نوێکردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە "یەکخستنی خشتەی مووچە".
 
8 تریلیۆن دینار مووچەیە
 
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قەبارەی خەرجییەکانی مووچە، خانەنشینی و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مانگانە نزیکەی 8 تریلیۆن دینارە، بەڵام کێشەیەکی گەورە لە پرۆسەی وەرگرتنی باجدا هەیە.
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی: "تەنیا 33%ـی ئەو پارەیە (کە دەکاتە مووچەی بنەڕەتی) باجی داهاتی لێ وەردەگیرێت، لە بەرامبەردا نزیکەی 67%ی داهاتی فەرمانبەران کە لە شێوەی دەرماڵە، پاداشت و هاندانە، بە تەواوی لە باج بەخشراون."
 
موزهەر ساڵح روونیکردەوە کە ئەو "سفرکردنەوەی باجە" 15 ساڵ لەمەوبەر بە بڕیارێک کراوە و پێچەوانەی یاسایە، چونکە دەبێت باج "کۆی داهاتی بەدەستهاتوو" بگرێتەوە. هۆشداریش دەدات لەوەی، کە ئەم دۆخە "دادپەروەریی باج لاواز دەکات و بودجەی گشتی لە سەرچاوەیەکی دارایی بەردەوام بێبەش دەکات."
 
سەبارەت بەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا چاکسازی نەکراوە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران هۆکارەکەی بۆ نەبوونی شارەزایی حکومی ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو پەنجەی تۆمەت بۆ سیستمی سیاسیی عێراق درێژ دەکات.
 
موزهەر محەممەد ساڵح گوتی: "هەر چاکسازییەکی ئابووری، بە کۆتوبەندی سیستمی پشکپشکێنە و دابەشکاریی سیاسییەوە بەستراوەتەوە. بەبێ چاکسازییەکی سیاسی، هیچ مۆدێلێکی گەشەپێدان سەرکەوتوو نابێت."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بۆ ساڵی 2025 بەرپرسە لە دابینکردنی مووچەی 4 ملیۆن و 550 هەزار فەرمانبەر و نزیکەی 3 ملیۆن خانەنشین، دەڵێت "ئێستا کاتی دەستکاریکردنی خشتەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە."
 
بەپێی قسەکانی سوودانی، 34 یاسا و بڕیاری تایبەت بە مووچە هەن، کە پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە، بەتایبەت ئەوانەی دەرماڵەی زیادە دەدەن کە هەندێکجار زیاترە لە 60%ـی مووچە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو خەرجی 160 تریلیۆن دینار و داهات 137 تریلیۆن دینار بووە، واتە 23 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە.
 
جەمال کۆچەر گوتی: "کێشەی عێراق داهات نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنە، لەوانە: جیاوازیی مووچە، میلیشیاکان، دەروازەکانی سنوور و گەندەڵی." جەمال کۆچەر رەتیکردەوە عێراق تووشی قەیرانێکی قووڵی گەورە ببێتەوە وەک لوبنان، چونکە عێراق داهاتی هەیە وەک نەوت، بەڵام دەبێت سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی زیاتر بکرێن.
 
وەک بەشێک لە هەنگاوەکان، رۆژی 23ـی کانوونی یەکەم لە وەزارەتی پلاندانان کۆبوونەوەیەک بۆ پرسی هاوسەنگکردنی مووچە کرا. هەنا ئیسماعیل، بریکاری وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، سەرقاڵی نوێکردنەوەی داتاکانن بۆ ئەوەی لیژنەی پسپۆڕ بتوانێت پێشنیازی کرداری بۆ "پێداچوونەوە بە پێکهاتەی مووچە و دەرماڵەکان" پێشکێش بکات.