لویس ساکۆ بۆ رووداو: هەرگیز مەبەستم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

پاتریارکایەتیی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان تۆمارێکی دەنگی رەتدەکاتەوە کە گوایە دەنگی لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەکەیە لەبارەی ئەوەی سەردانی ئیسرائیلی کردووە و دەڵێ: "ئامادە نەبووە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان بچێتە ئیسرائیل". لویس ساکۆش بە رووداوی گوت، مەبەست لە گوتەکەی دوێنێی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، راگەیاندنی پاتریارکایەتیی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە روونکردنەوەیەکدا ئەو تۆمارە دەنگییەى بە ناڕاست زانى کە گوایە هی کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهانە و بە "دروستکراو" ناوی برد.
 
لەو تۆمارە دەنگییەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە و گوایە دەنگی لویس ساکۆیە، ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی دۆخی عێراق قسەی کردووە.
 
پاتریارکایەتیی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، لویس ساکۆ هەرگیز سەردانی ئیسرائیلی نەکردووە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە دوای رۆژێک بوو لەو مشتومڕەی بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "ئاساییکردنەوە" لەلایەن لویس ساکۆوە کەوتەوە و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی دایەوە بەوەی ئەو وشەیە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە و وشەکە وابەستەی ئیسرائیلە.
 
کاردینال لویس ساکۆ، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سەبارەت بەم قەیرانە، ئەمە قەیرانێکی دەستکردە، نە داوای ئاساییبوونەوەی سیاسیم کردووە، نە واژۆم لەسەر ئاساییبوونەوە کردووە لەگەڵ ئیسرائیل. من گوتم ئاساییبوونەوە بۆ عێراق بکرێ. عێراق خاکی ئیبراهیمە، خاکی پەیامبەران و شارستانییەت و کولتوورە جیاوازەکان و وڵاتێکی گەشتوگوزارییە". 
 
لویس ساکۆ بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا گوت: "هەرگیز مەبەستم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان نەبووە لەگەڵ ئیسرائیل. هەڵمەتێکی خراپ لە میدیاکان دژم دەستیپێکردووە، کار گەیشتووەتە ئاستێک بە ژیری دەستکرد دەنگمیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە پشتگیری ئیسرائیل دەکەم. ئەمە لە کاتێکدایە، پاپا فرەنسیس داوای لێکردم پێکەوە لەگەڵی سەردانی ئیسرائیل بکەین، کەچی رەتم کردەوە بەهۆی دۆخی فەلەستینەوە."