لە کەرکووک سێ کەس بە تۆمەتی دزینی 720 ملیۆن دیناری خانەنشینان دەستگیر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە خانەنشینیی کەرکووک تۆڕێک دەستگیر کران، کە لە رێگەی دەستکاریکردنی دۆسیەی خانەنشینان، 720 ملیۆن دیناریان بردووە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی کەرکووک، ئەمڕۆ (26-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر ئەو کەیسە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سێ فەرمانبەری خانەنشینی کەرکووک بە بڕیاری دادوەر لە بنکەی پۆلیسی قۆریە دەستبەسەرکراون و بڕیارە ئەمڕۆ ببرێنە بەردەم دادوەر.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، لە کەرکووک تۆڕێکیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە کاریان لەسەر تێکدانی سیستمی خەرجکردنی جیاوازییەکانی خانەنشینی کردووە و بە ناڕەوا پارەیان بۆ ژمارەیەکی زۆر خانەنشین خەرج کردووە، دواتر پارەکەیان بۆ خۆیان بردووە.
 
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی دەڵێت، تۆڕەکە چوونەتە نێو هەژماری خانەنشینان و زیاتر لە 720 ملیۆن دیناریان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشین بە نایاسایی خەرج کردووە ، دواتر دەستیان بەسەر ئەو پارانەدا گرتووە، کە بە زیادە خەرج کرابوون.
 
دەستەی دەستپاکیی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی هەینی 24-01-2025 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، تۆڕەکە لە سێ ئەندام پێکهاتووە، لە دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لقی کەرکووک کاردەکەن، لایەنی دەرەکی هاوکاری تۆڕەکەیان کردووە و دەستکاریی نزیکەی 80 دۆسیەی خانەنشینانیان کردووە.
 
تۆمەتبارەکان پەڕاویان بۆ کراوەتەوە، بە تەواوی بەڵگەکانەوە دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کراوە. دادگەش بڕیاری دەستبەسەربکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.