دوای 12 ساڵ یەکەم کاروانی عومرەکاران لە فڕۆکەخانەی موسڵەوە بەڕێکەوتن

رووداو دیجیتاڵ

دوای 12 ساڵ لە راوەستانی گەشتەکان، ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی عومرەکاران لە فڕۆکەخانەی موسڵەوە دەستیپێکرد. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێت، دانیشتووانی دهۆک، هەولێر و کەرکووکیش دەتوانن لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە گەشت بکەن.
 
ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم گەشتی عومرە بە 187 عومرەکارەوە لە فڕۆکەخانەی موسڵەوە دەستیپێکرد، ئەمەش یەکەم گەشتە دوای 12 ساڵ لە وەستانی جووڵەی فڕۆکەخانەکە.
 
پرۆسەی بەڕێکردنی عومرەکاران بە سەرپەرشتیی سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق و عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەچوو.
 
پارێزگاری نەینەوا ئەو هەنگاوەی بە "چیرۆکێکی سەرکەوتن" بۆ پارێزگاکە و دەستەی حەج و عومرە ناوبرد، بەتایبەت دوای ئەو وێرانکارییەی بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە رووی لە ناوچەکە کردبوو.
 
ئەحمەد عەبد رەبە ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی فڕۆکەخانەکە پەیامێکی روونە بۆ جیهان کە دۆخی موسڵ ئارامە و دەتوانن سەردانی بکەن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
 
پێشتر عومرەکارانی نەینەوا روویان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا و کەرکووک دەکرد، بەڵام بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئێستا دانیشتووانی دهۆک، هەولێر، کەرکووک و سەلاحەدینیش دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەی موسڵەوە گەشت بکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فڕۆکەکەی ئەمڕۆ راستەوخۆ نەچووەتە سعودیە، بەڵکو سەرەتا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتووەتەوە و دواتر بەرەو مەدینە بەڕێکەوتووە.