عێراق لیژنەی باڵا بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریا دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیارید ا نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە دابنێت و لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنێت. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، لەکۆی حەوت هەزار چەکدار، نزیکەی دوو هەزاریان عێراقین و ناهێنرێنە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و پرسی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ پڕۆسەکە دابنرێت و "لیژنەیەکی ئەمنیی یەکگرتوو" بۆ سەرپەرشتیکردنی تەواوی پڕۆسەی گواستنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارەکان تاوەکو رادەستکردنیان بە دادگە، پێکبهێنرێت.
ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیارەکە "تەواو ئەمنییە" و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی عێراقە، داواشی کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆ بگرێت.
عەمید میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی گشتیی چەکدارەکان حەوت هەزار کەسن، "لەو ژمارەیە 1500 بۆ 2000ـیان عێراقین و ئەوانی دیکە بیانین".
عەمید میقداد میری ئاماژەی بەوەش کرد، چەکدارەکان بەسەر زیندانە تایبەتەکانی عێراقدا دابەش دەکرێن و رەتیشیکردەوە هیچکام لەوان ببرێنە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە "تیرۆریستە ناعێراقییەکان بە شێوەیەکی کاتی لە عێراق دەبن".
یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لە هەواڵی هەڵاتنی چەکدارانی بیانیی داعش لە سووریا و رایگەیاندووە چاودێریی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق دەکات.
هاوکات سوودانی هەینی رابردوو لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لێکردبوو وڵاتانی ئەورووپا بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و هاووڵاتییە داعشەکانیان وەربگرنەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 23ـی ئەم مانگە دەستپێکردنی رێکارە دادوەرییەکانی بەرامبەر ئەو چەکدارانە راگەیاندبوو.