بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: تێبینیمان لەسەر شێوازی حوکمڕانیی مالیکی هەیە و مەرج نییە لە حکومەت بەشدار بین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە دەڵێت، دیاریکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە زۆرینەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە، نەوەک بە کۆدەنگی. ئاماژە بەوەش دەکات، رەوتەکەیان "تێبینی"یان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن لەلایەن مالیکییەوە هەیە.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026 پێشکێش کرا، باسی لە وردەکارییەکانی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران کرد و گوتی، "لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆی زۆر کرا و ژمارەی بەربژێرەکان لە 42 کەسەوە بۆ سێ کەس کەمکرایەوە، دواجار محەممەد شیاع سوودانی لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی کشایەوە و ئەمەش سەرکردەکانی چوارچێوەی تووشی شۆک کرد."
سەبارەت بە هەڵوێستی رەوتی حیکمە بەرامبەر بە بەربژێرکرنی نووری مالیکی، سەباح ساڵحی گوتی، ئەوان وەک رەوتی حیکمە و لایەنێکی دیکەش (کە ناوی نەهێنا) تێبینیان هەبووە. ئەو بەرپرسە گوتی: "تێبینیی ئێمە لەسەر کەسایەتیی بەڕێز مالیکی نییە و کێشەی کەسیمان نییە، بەڵکو تێبینیمان لەسەر شێوازی کارکردن و کارە لەپێشینییەکانییەتی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لەم قۆناخەدا".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتوودا، ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە رایگەیاند، بەشداریکردنیان بەندە بە بەرنامەی حکومەتەکەوە و گوتی، "لە چوار ساڵی رابردوودا بەشداریمان لە حکومەتەکەی سوودانی نەکرد، بەڵام پاڵپشت بووین، بۆیە مەرج نییە بەشداری بکەین. ئەگەر کار و پلانی حکومەتەکەمان پێ باش نەبێ، بەشدار نابین."
سەباح ساڵحی گوتیشی، "هەرکات دڵنیابووینەوە لەوەی حکومەتەکەی مالیکی سەردەکەوێ لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بڕیاری بەشداریکردن دەدەین. بەڵام ئەگەر بەشداریش نەبین، دژایەتیی ناکەین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەم گۆڕانکارییانە، سەباح ساڵحی رایگەیاند، ئەمریکییەکان بە فەرمی ڤیتۆیان لەسەر هیچ کەسێک نییە، بەڵام نیگەرانییان هەیە لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، سەباح ساڵحی هیوای خواست کورد بە یەک بەربژێر بچێتە بەغدا، بەڵام ئەگەر رێکنەکەوتن، سیناریۆی ساڵانی رابردوو دووبارە دەبێتەوە و پەرلەمانتاران سەرپشک دەکرێن لە دەنگدان بە بەربژێرەکان.