کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بۆ لایەنگرانی: خۆتان بۆ بەرگریکردن لە ئێران ئامادە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوا لە ئەندام و لایەنگرانی دەکات، خۆیان ئامادە بکەن بۆ جەنگێکی گشتگیر بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئەو بانگەوازەی ئاراستەی ئەندام و لایەنگرانی کرد، ئێرانی بە "قەڵخانی 40 ساڵەی پارێزەری ئیسلام" ناوبرد.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی دەڵێت، "بۆ دووژمنانی دووپات دەکەینەوە، جەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەیرانێک نابێت، بەڵکو تێیدا رەنگەکانی مردن دەچێژن."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى نێو حەشدی شەعبی عێراق و نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
ئەبو حوسێن حەمیداوی داوا لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبوڵڵا دەکات، لە مەیداندا ئامادەکاری بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە بکەن.