سوودانی لیژنەیەک بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی کۆکردنەوەی داهاتە گشتییەکان پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتیی کۆکردنەوەی داهاتە گشتییەکان" پێکبهێندرێت. ئامانج لێی زیادکردنی داهاتی نانەوتی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانە لە کاتێکدا 90٪ـی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووری کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی زیادکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان کرا، بەجۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناخی ئێستا و کاری لەپێشینەی سیاسەتی داراییی دەوڵەت بگونجێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دارایی، پیشەسازی، بازرگانی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تێیدا ئامادەبوون، پێشنیازی دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتیی کۆکردنەوەی داهاتە گشتییەکان" خرایەڕوو.
محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی کرد لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ ئامادەکردنی پێکهاتە، فەرمانگە، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی، تاوەکو لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت کە 90٪ـی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت و تەنیا 10٪ـی داهاتەکان نانەوتین.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، پێداچوونەوە بە رێژەی پاڵپشتیی بەرهەمە نەوتییەکان و میکانیزمی پاڵپشتیی پێشکێشکراو لەلایەن سندووقی پاڵپشتیی هەناردەکردنەوە کرا.