عێراق 50٪ی گومرگی سەر هاوردەکردنی ئاژەڵ کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور، حکومەتی عێراق گومرگی سەر هاوردەرکردنی مانگا و مەڕوماڵات 50٪ کەم دەکاتەوە.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی، رەزامەندی لەسەر داوایەکی وەزارەتی کشتوکاڵ دا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، بۆ ماوەی ساڵێک 50٪ی گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین و بەخێوکردنی (مانگا و مەڕومەڵات) کەم دەکرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، داواکارییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزدەکاتەوە تاوەکو بڕیاری لەبارەوە بدات.
زیاتر لە مانگێکە گۆشتی سوور لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە عێراق نرخی کلیۆیەک گۆشتی مەڕ گەیشتووەتە 23 هەزار دینار، ئێستا لە هەولێر نرخی کلیۆک گۆشتی بەرخ بە 22 هەزار دینارە، کلیۆیەک گۆشتی مانگاش بە 18 هەزار دینارە.
رۆژی دووشەممە، نرخی گۆشتی سوور لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی هەولێر هەزار دینار دابەزی.
لەبارەی هۆکاری ئەو دابەزینە، نیهاد ئەسعەد یەکێک لە ئاژەڵفرۆشان لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشنی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کە نابێت گۆشتفرۆشان نرخی کلیۆیەک گۆشتی سوور لە 18 هەزار دینار زیاتر بفرۆشن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی گۆشت هەبووە، هەروەها ئاژەڵێکی زۆریش لە رێگایە، رۆژانەش 5 بۆ 10هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکرێن لە تورکیا، ئێران، جۆرجیا، بەڕازیل ، بۆلیڤیا و هیندستان".
ئەو ئاژەڵفرۆشە دەڵێت: "کڕیاری سەرەکیی ئاژەڵەکانمان بەغدایە، ئەگەر لە بەغداوە نەیەن، کەس ئاژەڵەکانمان لێ ناکڕێت، رۆژانە 5 بۆ 10 هەزار سەر ئاژەڵ رەوانەی ناوچەکانی عێراق دەکرێن، 20 بۆ 25 بازرگانی ئاژەڵ لە عێراقەوە دێن ئاژەڵ دەکڕن".
بە گوتەی ئەو ئاژەڵفرۆشە "ئەمڕۆ هیچ بازرگانێک لە عێراقەوە نەهاتوون، ئەوان دەڵێن بەو نرخەی حکومەتیی عێراق دیاریکردووە بێینە هەرێمی کوردستان ئاژەڵ بکڕین زەرەر دەکەن، بۆیە نەهاتوون، تەنانەت بەهۆی پابەندنەبوون بە نرخی دیاریکراو لە عێراق ژمارەیەک بازرگان و گۆشتفرۆش دەستگیرکراون".
لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 112 هەزار سەر مەڕ، ملیۆنێک و 233 بزن، 367 هەزار رەشەوڵاخ بە نێر و مێوە هەن. هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتا بە گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.