هەژارى لە عێراق و هەرێمی کوردستان.. هەولێر خۆشگوزەرانترین و موسەننا هەژارترینە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى رووپێوییەکى تایبەت بە دۆخى کۆمەڵایەتى، 17.5%ى هاووڵاتییانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەژێر هێڵى هەژارییەوەن، بەوپێیە بە نزیکەیی لە هەر پێنج کەسێک، یەکێکیان لەژێر ئەو هێڵەوەن.
 
ئەو ئەنجامانە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ى شوباتى 2025 لەلایەن وەزارەتى پلاندانانى عێراقەوە بڵاوکرایەوە. پێوەرى هێڵى هەژارى لەو سەرژمێرییە لەسەر بنەماى داهاتى مانگانەى هەر کەسێک دانراوە کە لە 137 هەزار دینار کەمتر بێت، بۆ خێزانێکى شەش کەسی مانگانە 820 هەزار دینار داهاتیان هەبێت.
 
بەپێی رووپێوییەکە، زۆرترین رێژەى هەژارى لە پارێزگاى موسەننا بووە کە 44%ى دانیشتووانەکەى هەژارن، کەمترین رێژەى هەژارییش لە هەولێرە کە 6%ـە.
 
رێژەى هەژارى لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە 8%ـە، کە دووەم کەمترین رێژەى هەژارییە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، هەروەها 15%ى دانیشتووانى پارێزگاى دهۆک بەگوێرەى ئەو ئامارە لەژێر هێڵى هەژارییەوەن.
 
رێژەى هەژارى لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە نزمترینەوە بۆ بەرزترین رێژە:
 
هەولێر: 6%
سلێمانى و هەڵەبجە: 8%
کەرکووک: 10%
بەغدا: 14%
زیقار: 14%
دهۆک: 15%
نەینەوا: 16%
میسان: 16%
دیالە: 17%
سەلاحەدین: 19%
واست: 19%
کەربەلا: 20%
ئەنبار: 21%
نەجەف: 25%
بەسرە: 28%
قادسیە (دیوانیە): 29%
بابل: 34%
موسەننا: 44%