وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هەر کارمەندێک لەو کەسە خۆشبێت هێرشی دەکاتەسەر، دەیگوازینەوە بۆ پاسەوانی سنوور
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق بڕیاری دا ئەو کەسانە بە کەفالەت ئازاد نەکرێن کە هێرش دەکەنە سەر کارمەندەکانى، ئەگەر کارمەندەکەش لە هێرشکارەکە خۆش ببێت دەگوێزرێتەوە بۆ پاسەوانى سنوور.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ئەو بڕیارە لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەرى، وەزیرى ناوخۆوە دەرکراوە.
بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هێرش دەکەنە سەر ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ و فەرمانگەکانى دیکەى دەوڵەت و، نابێت بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دەبێت هێرشکارەکە بدرێتە دادگە، بەڕێوەبەرى گشتیى بەڕێوەبەرایەتییەکان، بەشەکان و ئەفسەرى بنکەکانى پۆلیس و بنەبڕکردنى تاوان هاوئاهەنگى بکەن لەگەڵ سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوە و دادوەرانى لێکۆڵینەوە، ئەوەش بە مەبەستی جێبەجێکردنى ئەو فەرمانەى وەزیرى ناوخۆ."
بە گوێرەى بڕیارەکە، هەر کارمەندێکى وەزارەتى ناوخۆی عێراق کە هێرشی کراوەتە سەر، سازش بکات لەو سکاڵایەى لە دژى هێرشکارەکە تۆماری کردووە، دەبێت بگوێزرێتەوە بۆ فەرماندەیی پاسەوانى سنوور؛ هەروەها نوێنەرایەتیى یاسایی وەزارەتەکە سکاڵاى یاسایی دژى کەسى هێرشکار تۆمار بکات و نابێت سازشى لێ بکات.