کوڕەکەی مەشعان جبووری لە بەغدا دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێکی ئەمنیی تایبەت یەزن مەشعان جبووری، کوڕی سیاسەتڤانی ناسراوی عێراقییان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد. دەستگیرکردنەکە بە فەرمانی دادگە بووە و تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بڕی 41 ملیار دینار بە نایاسایی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، مەشعان جبووری، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمنیی تایبەت هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کوڕەکەی (یەزن) و بەرەو شوێنێکی نادیار بردوویانە. ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکە پێیان راگەیاندوون فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخەوە دەرچووە.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ کەرخ (دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی)، فەرمانی گرتن و پشکنین بۆ (یەزن مەشعان رەکاز زامن جبووری) دەرچووە.
 
تۆمەتەکە چییە؟
 
لە بەڵگەنامە دادوەرییەکەدا هاتووە، ئەو تۆمەتەی ئاراستەی یەزن مەشعان جبووری کراوە بریتییە لە "وەرگرتنی سیفەت و پلەی وەزیفیی مەدەنی بەبێ مۆڵەتی فەرمی، بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی."
 
هەر بەپێی نێوەڕۆکی بەڵگەنامەکە، تۆمەتبار بڕی 41 ملیار دیناری بە نایاسایی وەرگرتووە.
 
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک بەبێ سیفەتێکی فەرمی یان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، خۆی وەک فەرمانبەری دەوڵەت، کارمەند یان پلەداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بناسێنێت، یان دەستوەردان لە کارەکانیاندا بکات بە مەبەستی دەستکەوت، بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە ماوەکەی لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.