10 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەزا نوێیەکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
10 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بە قەزاکردنی هەردوو ناحیەی قەرەتەپە و گوڵاڵە دەکەن. سەرۆکی فراکسیۆنی بەدریش سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە "ساختەکاری" تۆمەتبار دەکات.
10 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن کردووە، وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دروستکردنی ئەو قەزا و ناحیە نوێیانە دەکەن کە لەم دواییانەدا پەسند کراون.
تورکی جەدعان، سەرۆکی فراکسیۆنی رێکخراوی بەدر لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، یەکێکە لە واژۆکارانی یاداشتەکە، رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو دانیشتنەی بڕیاردرا ناحیەی خان بەنی سەعد بکرێتە قەزا، کاتێک گەیشتە سەر پرسی قەرەتەپە و گوڵاڵە، رێژەی یاسایی نەما، کەچی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بە ساختەکاری نووسراوی بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری بەقەزاکردنیان دەرچووە."
جەدعان جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان وەک 10 ئەندامی ئەنجوومەن سوورن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان و گوتیشی: "لەسەر ئەو ساختەکارییە، لێپرسینەوە لەگەڵ عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەین."
لە بەرامبەردا، عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داواکاریی ئەو 10 ئەندامە بە "نایاسایی" دەزانێت و دەڵێت: "رێژەی یاسایی لە دانیشتنەکەدا تەواو بووە."
ئەم کێشە یاسایی و سیاسییە لەکاتێکدایە، دانیشتووانی قەزای خانەقین لە دژی بڕیارە نوێیەکان و گۆڕینی پێگەی کارگێڕیی ناوچەکانی دەوروبەریان، مانگرتنی گشتییان راگەیاندووە و مانگرتنەکەش بەردەوامە.
ناڕازییەکان لەنێو ئەنجوومەن هۆشداری دەدەن کە ئەم بڕیارانە کێشەی دارایی و کارگێڕیی گەورە بۆ پارێزگاکە دروست دەکەن و دەبنە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی سیاسی لە دیالە.