دادی عێراق بۆ رووداو: پێش دادگەیی کردن هیچ ئەندامێکی داعش رادەستی وڵاتەکەی ناکرێتەوە


رووداودیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، هەندێک وڵات ئامادەییان بۆ وەرگرتنەوەی ئەندامانی پێشوو داعش دەربڕیوە، بەڵام پێش دادگەیی کردن هیچکامیان رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ی شوباتی 2026، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند وڵاتێک ئامادەییان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو داعشانە نیشانداوە کە لە سووریاوە گوێزراونەتەوە بۆ گرتووخانەکانی عێراق، ''بەڵام هێشتا زووە باس لەو بابەتە و رێکارەکانی بکرێت.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، "تاوەکو لێکۆڵینەوە و دادگەیی کردنی سەرجەم ئەو ئەندامانەی داعش تەواو نەبێت، هیچکام لەوانە رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە."
 
یەکێک لە مەرجەکانی حکومەتی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی ئەو ئەندامانەی پێشووی داعش ئەوەیە، "لە تاوانکاری دژی عێراقییەکان و مەترسی دروستکردن بۆ سەر ئاسایشی عێراق تێوەنەگلابن."
 
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 1000 ئەندامی پێشووی داعش تەواو بووە. ئەحمەد لعێبی دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لەو داعشانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگرییەوە دەکرێت."
 
24ی ئەم مانگەش، بەرپرسێک لە ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، کە سەر بە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقە، بە رووداوی راگەیاند، "4 بۆ 6 مانگ پێویستە تاوەکو پڕۆسەی گوتە لێوەرگرتن و لێکۆڵینەوە لەو ئەندامانەی پێشووی داعش تەواو دەبێت".
 
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق پێنج هەزار و 704 کەسن و هەڵگری وڵاتینامەی 61 وڵاتن، کە پێنج هەزار و 244ـیان بیانین.
 
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستی کرد بە گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە لە سووریاوە بۆ عێراق.