سوودانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە؛ 'رێکارە دەستوورییەکان تەواو بکرێن بۆ پێکهێنانى حکومەت'

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان کرد.
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "هەردوولا لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان."
 
سوودانی و بافڵ تاڵەبانی جەختیان لەوە کردەوە کە هێزە نیشتمانییەکان تێڕوانینێکی یەکگرتوویان هەبێت و بە بەرپرسانە کاری پێکەوەیی بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت کاروانی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە بە بەردەوامی پێ بدات.
 
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجامدرا و بەگوێرەی دەستوور دەبوو لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، کە هەنگاوی بەر لە راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە بۆ پێکهێنانی حکومەت.