بڕیاری قەدەخەکردنی گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق ئەو نووسراوەی هەڵوەشاندەوە کە لەبارەی قەدەخەکردنی گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی کردبووی. وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش بە پێویستی دەزانێت ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بکرێتەوە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ ئەو نووسراوەی کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردبوو، لەبارەی قەدەخەکردنی هاوردەکردن و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، هەڵوەشایەوە و کاری پێ ناکرێت".
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، "نووسراوی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە ئەمڕۆ بۆ هەموو کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەنێردرێت".
پاساوی بڕیارەکەی پێشوو نەبوونی ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بوو، کە پشکنین بۆ زێڕ دەکات.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ی شوباتی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بکرێتەوە، هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و کەرکووک."
لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و کەرکووک، ئۆفیسی پێوانەسازیی فیدراڵی (سەر بە وەزارەتی پلاندانان) پشکنین بۆ زێڕی هاوردەکراو دەکات، بەڵام هینداوی دەڵێت: "دەسەڵاتمان بەسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا نییە."
هینداوی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان خۆی پشکنین بۆ زێڕی هاوردەکراو دەکات و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاگاداری چۆنیەتی هاوردەکردن و پشکنینەکان نییە لەو دوو فڕۆکەخانەیە.
سەبارەت بە نووسراوەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "ئەو بابەتەی ئێستا دروستبوو، لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنییە نەک وەزارەتی پلاندانان، بەڵام ئێمە وەک وەزارەت جەخت لە پێویستی بوونی ئۆفیسی پێوانەسازیی فیدراڵی دەکەینەوە بۆ یەکخستنی رێکارەکان لە هەموو عێراقدا."
دوێنێ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاگادار کردەوە کە نابێت زێڕ و مۆبایل لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بگوازنەوە.
ئەو فەرمانە لە نووسراوێکدا بووە کە بەشی گواستنەوەی ئاسمانیی سەر بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە رۆژی 25 دەرکردەی بۆ کراوە و رۆژی 24ی مانگ واژۆی لەسەر کراوە هاتووە، "نابێت زێڕ، مۆبایل و سەرجەم ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە رێگەی گواستنەوەی ئاسمانی و کارگۆوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بگوازرێنەوە."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو بڕیارانە پەیوەندیدارن بە یاسای گومرگی بۆ رێکخستنەوەی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.
بەرپرسێک لە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بە رووداوی راگەیاندبوو، پێناسی نوێی گومرگی و رێکارەکانی دیکەی حکومەتی فیدراڵی، وایکردووە، ئامێری مۆبایل لە رێگەی فڕۆکەوە کەمتر هاوردە بکرێت، هەرچی زێریشە دەبێت پێشوەختە تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدرێت بە فڕۆکە بگوازرێتەوە کە بە سیستەمی (CBBJ) ناسراوە.