لە عێراق نزیکەی 59 هەزار زیندانی هەن؛ زیاتر لە دوو هەزاریان ژنن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق نوێترین ئاماری زیندانییەکانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئێستا نزیکەی 59 هەزار کەس لە 30 گرتووخانەی جیاوازی سەر بە وەزارەتەکەیانن، کە زیاتر لە دوو هەزاریان لە رەگەزی مێینەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گرتووخانەکانی سەر بە وەزارەتی داد نزیکەی 59 هەزار زیندانی هەن؛ لەو ژمارەیەش 57 هەزاریان پیاون و دوو هەزار و 300 زیندانیشیان لە رەگەزی مێینەن."
 
سەبارەت بە زیندانییە بیانییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، هەزار و 50 زیندانیی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لەنێو گرتووخانەکاندان. هەروەها رایگەیاند کە لەسەرانسەری عێراق دا 30 گرتووخانەی فەرمی لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داد دان.
 
لعێبی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ئامارانە ئەو چەکدارانەی رێکخراوی داعش ناگرێتەوە کە لەم دواییانەدا لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق پێنج هەزار و 704 کەسن. دابەشبوونی ناسنامەکانیان بەم شێوەیەیە:
 
467 کەسیان عێراقین.
 
4,253 کەسیان عەرەبی ناعێراقین (کە 3,543ـیان سوورین).
 
983 کەسیان بیانیی وڵاتانی دیکەن.
 
ئەم زیندانییانە بە گشتی خەڵکی 61 وڵاتی جیاوازن و لە ژێر رێکاری یاسایی توونددان.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس بە یاسای لێبووردنی گشتی لە زیندانەکانی عێراق ئازاد کراون.