دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق سەرفیترە و فیدیەی دیاری کرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 26ی ئاداری 2024 لیژنەی فەتوا لە کۆڕبەندی فیقهی عێراقی و ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا لە دیوانی وەقفی سوننە، سەرفیترەی دیاری کرد و دەڵێت، ئەوانەی داهاتیان سنووردارە بۆ هەر کەسێک 2500 دینار؛ ئەوانەی داهاتیان مام ناوەندییە 5000 دینار؛ ئەوانەش پارەی زیاتر دەدەن، خێریان زیاتر دەگات.
لیژنەی فەتوا لە کۆڕبەندی فیقهی عێراقی و ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا لە دیوانی وەقفی سوننە دەڵیت، دانی فیدیە بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن بەڕۆژوو بن بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن یان پیرییەوە، بەپێی پەیڕەوی مەزهەبی حەنەفی، پارە دەبێت، کە پارەکەش هەمان بڕی سەرفیترە دەبێت؛ بۆیە ئەوانەی بەڕۆژوو نەبوون، پێویستە رۆژانە هەمان ئەو بڕە پارەیە بدەن کە لە سەرفیترە دیاریکراوە.
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، رۆژی 13ی ئاداری 2023 ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان سەرفیترەی ئەمساڵی دیاریکرد، بە جۆرێک یەک کەس دوو هەزار و 500 دینارە و فیدیەی رۆژوونەگرتنیش بۆ رۆژێک دوو هەزار و 500 دینارە.
بەگوێرەی ئایینی ئیسلام، بۆ دیاریکردنی پارەی زەکات و سەرفیترە، نرخی زێڕ و زیو پێوەرە.
د. حەسەن محەممەد پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رۆژی 13ی ئاداری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ پارەی سەرفیترە و زەکاتمان بە نرخی زیو یەکلاییکردەوە، چونکە ئەم ساڵ بەهای زێڕ زۆر بەرزە، ئەوەش دیاریکراوە کەمترین بڕە کە دانراوە."
ههر موسڵمانێك باری دارایی ئهوهنده ههبێت كه زیاد بێت له پێداویستیی خۆی، پێویسته لە رەمەزان تاوەکو پێش جەژن سهرفیترەی خۆی و ئهوانهش بدات کە خەرجیان کەوتووەتە ئەستۆی.
سهرفیترە ساڵی دووەمی كۆچی لە سەر موسڵمانان واجب كراوە و هەر هەمان ساڵیش رۆژی رەمهزان واجب کراوە. هەر موسوڵمانێک تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت و لە رووی جەستەیی و دەرونییەوە کێشەی نەبێت، پێویستە بەرۆژوو بێت.