وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر ئوردن و وڵاتاى کەنداو دەکات: ئامادەین بۆ هاوکارى

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ئوردن و وڵاتانى کەنداوى کرد و "ئامادەیی تەواویی" دەربڕی بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک یان بەڵگەیەک کە بسەلمێنێت لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
 
پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هەر هێرش و بەئامانجگرتنێکی کرد لە دژی ئوردن و وڵاتانی کەنداو جەختی کردەوە کە ئاسایشی ئەو وڵاتانە بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە بەستراوە بە بەرژەوەندیی هاوبەشی سەرجەم گەلانی ناوچەکەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە پابەندن بە سیاسەتی خۆیان کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بنیاتنانی پەیوەندیی هاوکاری و رێزی دوولایەنە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لەگەڵ کاری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم ئالنگارییە ئەمنییەکان بەگوێرەی یاسا و دەستوور و لەو چوارچێوەیەشدا دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوتاکانیان دەکەن لەگەڵ وڵاتانی دۆست و ئامادەیی تەواویشی دەربڕی بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک یان بەڵگەیەک کە بسەلمێنێت لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی رێکاری هاوبەش بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و خێرا.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک رەتدەکەنەوە و حکومەتیش پابەندە بە گرتنەبەری ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندیی برایانە.
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر کوێت، بەحرێن، سعوودیە، ئیمارات، عومان و ئوردن بە پاساوی ئەوەی بنکەی سوپای ئەمریکا بە ئامانج دەگرن.