ئەبوئالا وەلائی بۆ ئوردن و وڵاتانی کەنداو: هاوارتان گەیشتە گوێی موقاوەمە
رووداو دیجیتاڵ
ئەبووئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبەکانی سەیدولشوهەدا لە پەیامێکدا بۆ ئوردن و وڵاتانی کەنداو دەڵێت: "هاوارتان گەیشتە گوێی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و داوای بەهاناوەهاتنتان لە حکومەتی عێراق ئاسوودەی کردین".
ئەمینداری گشتیی کەتائیبەکانی سەیدولشوهەدا پێنجشەممە 26ى ئادارى 2026 پەیامێکى ئاراستەى حکومەتەکانی ئوردن و کەنداو کرد و تیایدا دەڵێت: "دڵنیایین لەوەی هاوارتان دەگاتە گوێی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و داواکردنی بەهاناوەچوونتان لە حکومەتی عێراق ئاسوودەی کردوون، ئەمە عێراقی موقاوەمەیە کە ئەمڕۆ بە سەرکەشییەوە وەستاوە و ئێوەش بە بێهێزی لە بەردەمیاندا دانیشتوون، وەک چۆن راهاتوون بەو شێوەیە لەبەردەم ئەمریکا و زایۆنیندا دابنیشن".
ئەبووئالا وەلائی بەو وڵاتانە دەڵێت: "تێچووی جەنگی ئەوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) لە پارەی ئێوە دەدرێت و قورسایی بنکەکانى لەسەر پشتی ئێوەیە و تاوەکو ئاستێک کە چەندین ساڵ تەمەنی زایۆنیزمی درێژکردەوە، ئەگەرنا دەمێک بوو خاکى فەلەستینی بەجێهێشتبوو بەبێ ئەوەی ناوچەکە تێکبچێت".
کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا بەشێکە لە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر کوێت، بەحرێن، سعوودیە، ئیمارات، عومان و ئوردن بە پاساوی ئەوەی بنکەی سوپای ئەمریکا بە ئامانج دەگرن.