بەشەخۆراکی پێنج ملیۆن کەس لە عێراق دەبڕدرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە کە گوایە شایستەی وەرگرتنی نەبوون.
پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس ناویان لە بەشەخۆراکی مانگانە سڕدراوەتەوە بەهۆی ئەوەی کە شایستەی وەرگرتنی ئەو بەشەخۆراکە نەبوون.
وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند: بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە لە دوای وردبینیی چڕ و بەراوردکردنی زانیارییەکان بووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە 3.7 ملیۆن کۆبۆنی خۆراک بۆ خێزانەکان لە عێراق هەن کە مانگانە لە رێگەیەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.
وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە کۆبۆنی خۆراک سڕدراونەتەوە ئەوانە بوون کە لە دەرەوەی وڵاتن یان ناویان دووبارە بووە، یان کۆچی دواییان کردووە، هەندێکیش لەوانەی ناویان سڕدراوەتەوە ئەوانە بوون کە بڕی مووچەی مانگانەیان زۆرە.
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە ساڵی 2025 دەری کردووە، هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن دینار بێت، لە بەشەخۆراکی مانگانە دەسڕدرێتەوە.