ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی: دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن و سەردانی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانە مەکەن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات و بەهۆی "تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە،" داوایان لێدەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکەین بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن؛ ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشە بەرفراوانانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکان چەندین شوێنی پەیوەندیداریان بە ئەمریکاوە کردووەتە ئامانج، لەوانە: باڵیۆزخانە، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانی تێدا نیشتەجێن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە "مەترسیی مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخەکەوە، ئێستا ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە بازرگانییەکاندا داخراوە.
سەبارەت بە رێگەکانی چۆنییەتی چوونە دەرەوە لە عێراق، باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانی (ئوردن، سعودیە، تورکیا و کوێت)ـەوە وڵاتەکە جێبهێڵن، هەرچەندە پێشبینی دەکات قەرەباڵخی و دواکەوتنی زۆر لەو دەروازانەدا هەبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کراوە دەبن، بەڵام بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە "نابێت هاووڵاتییان بۆ هیچ کارێک روو لە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسووڵخانە لە هەولێر بکەن."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکی "کاری لەپێشینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەیە."
هەروەها داوا لە ئەمریکییەکان کراوە ئەم رێکارانە بگرنەبەر:
- ناوی خۆیان لە بەرنامەی (STEP) تۆمار بکەن.
- پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ کەسوکاریان هەبێت.
- پێداویستیی فریاگوزاری لای خۆیان ئامادە بکەن.
- وریابن و نەکەونە داوی ئەو کەسانەی بە ناوی هاوکارییەوە هەوڵی فێڵکردن و خۆناساندن بە کارمەندی باڵیۆزخانە دەدەن.