مانگی شوبات زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
مانگی شوباتی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق 99.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە و لەو بڕە 5.5 ملیۆن بەرمیلى لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراون.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026، ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی شوباتی رابردوو بڵاوکردەوە.
لەو مانگەدا عێراق 99 ملیۆن و 872 هەزار و 220 بەرمیلی هەناردە کردووە کە رۆژانە زیاتر لە 3.6 ملیۆن بەرمیل بووە، بەراورد بە مانگى کانوونى دووەمى ئەم ساڵ هەناردەى نەوت زیاتر لە 7.7 ملیۆن بەرمیل کەمى کردووە.
پشکی کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەو هەناردەکردنە بۆ مانگی شوبات، پێنج ملیۆن و 551 هەزار و 610 بەرمیل بووە.
بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی 2026، بڕی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا 904 هەزار و 261 بەرمیل کەمی کردووە.
داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا شەش ملیار دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی پێش خۆی داهاتی نەوت زیاتر لە 485 هەزار دۆلار کەمی کردووە.
لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تەنگەى هورمز داخراوە و بەربەستی بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست کردووە و تەنیا دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لەو رێگەیەوە هەناردە کردووە و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە دەکات.