لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق داوایکردووە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کار

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق نووسراوی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە تاوەکو خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 26-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان راپۆرتی خۆی لەبارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو کردووە، نووسراوی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز کردووەتەوە بۆئەوەی پڕۆژەکە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کار، بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
 
شەوی 03-04-2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراقیش راپۆرتی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساکەی ئامادە کردووە. پرۆژەکە خوێندنەوەی دووەمی ماوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی ئاداری 2023 پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. بەپێی پڕۆژەیاساکە "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سنووری پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی دەستنیشان دەکات."
 
20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لە کاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بە رێژەی 40% زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27% زیادیکردووە و لە چوار ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن و 400 هەزار کەس.