هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتەکانی بۆ ئەنقەرە زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی ژمارەی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە زیاد دەکات و دەیکاتە سێ گەشت لە هەفتەیەکدا.
رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە 1ـی ئایاری داهاتووەوە دەست بکرێت بە زیادکردنی گەشتەکان لەنێوان هەردوو پایتەختی عێراق و تورکیا، بەجۆرێک هەفتانە سێ گەشتی راستەوخۆ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە بکرێن.
پێشتر هەفتانە دوو گەشت لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە رێگەی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق دەکران. مەیسەم سافی گوتی: "ئەگەر خواست لەسەر گەشتەکان زیاتر بوون، ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکەین" .
هێڵی ئاسمانی عێراق رۆژی 20ی نیسانی 2026 رایگەیاند، 26 و 29ی ئەم مانگە دوو گەشتی ئاسمانی نێوان بەغداو ئەنقەرە دەکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق دایە بۆ فراوانکردنی گەشتە دەرەکییەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی زیاتر بە گەشتیاران.