دوای دوو مانگ یەکەم گەشتی ئاسمانی لە ئێرانەوە بۆ عێراق کرا

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دوو مانگ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ عێراق ئەنجامدرا.
 
یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف لەدوای 59 رۆژ لە راوەستانی ئەنجامدرا."
 
گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق بەهۆی جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل راگیرابوون.
 
مەیسەم سافی رایگەیاند: ئەو گەشتەی ئێران، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای (ئێران ئێر) بووە و، بڕیارە رۆژی دووشەممە 27ی نیسان کۆمپانیای (میعراج) کە کۆمپانیایەکی دیکەى فڕۆکەوانیی ئێرانە، گەشتەکانی لە مەشهەدەوە بۆ نەجەف و بەپێچەوانەوە دەستپێبکاتەوە.
 
بەهۆی جەنگەوە عێراق لە 28ى شوباتەوە ئاسمانەکەی (گەشتی هاتن و چوون راگیرابوو، 8ی نیسان بەهۆی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا کرایەوە.