هاوپەیمانیی نەسر: ئەگەر ئەمشەو بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلا نەکرێتەوە، پێشێلی دەستوورە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایدەگەیێنێت، پێش کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەندین دیداری دووقۆڵی و سێقۆڵی کراون بۆ رێککەوتن لەسەر ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران و دەشڵێت: "ئەگەر ئەمشەو بابەتەکە یەکلا نەکرێتەوە، پێشێلی دەستوورە."
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، رۆژی یەکشەممە 26-4-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەر لە کۆبوونەوەی فراوانی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لایەنەکان خەریکی گفتوگۆی چڕن بۆ رێککەوتن لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران و تاوتوێی چەند پێشنیازێک دەکەن.
 
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی بەربژێرەکە ناکۆکن؛ بەشێکیان دەیانەوێت لە رێگەی دەنگدانی 12 سەرکردەی هاوپەیمانییەکە بێت و، بەشێکی دیکەشیان داوا دەکەن 164 پەرلەمانتارەکەیان پڕۆسەکە یەکلا بکەنەوە.
 
عەقیل ردێنی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی ئەوە دەکات کە لە نێوان باسم بەدری یان ئیحسان عەوادی کامیان ببێتە بەربژێر، هاوکات هێشتا ناوی محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادیش لە نێو ئەو ناوانەدان کە قسەیان لەسەر دەکرێت.
 
رۆژی 11ـی نیسان سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵبژێردرا و بەگوێرەی دەستوور دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بەربژێری خۆی بۆ سەرۆکوەزیران رادەستی سەرۆککۆمار بکات. 
 
گوتەبێژی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمشەو وادە دەستوورییەکە کۆتایی دێت و هەر دواکەوتنێک بە پێشێلکاری دادەنرێت."