لە پەرلەمان چۆن دەنگ بە بودجە دەدرێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆبوونەوەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لە پەرلەمانى عێراق، پێویستى بە ئامادەبوونى 165 پەرلەمانتارە و یەک بەیەکى مادەکان دەنگیان لەسەر دەدرێت، هەر بڕگەیەک لە دەنگدانى پەرلەمان پەسند نەکرێت، ناخرێتە نێو پڕۆژەیاساکەوە، هەر گۆڕانکارییەکیش کە لە مادە و بڕگەکاندا بکرێت دەنگ نەهێنێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو داڕشتەیەى کە پێشتر لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە.
 
بەگوێرەى مادەى 23ى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق پێویستى بە ئامادەبوونى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى پەرلەمانە کە پەنجا کۆیەکى 329  ئەندامەکەى پەرلەمانە، واتە 165 پەرلەمانتار.
 
لەدواى ئامادەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران، دەنگدان بە پرۆژەیاساکە بە زۆرینەى سادە دەبێت، واتە نیوە کۆیەکى ژمارەى پەرلەمانتارە ئامادەبووەکان، ئەگەر دەنگەکان لە نێوان پەسندکردن و رەتکردنەوەیدا یەکسان بوون دەنگى سەرۆکى پەرلەمان یەکلاکەرەوە دەبێت.
 
ئەو پرۆسەى دەنگدانە، بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى پەیڕەو دەکرێت، کە بڕیارە رۆژی 27ی ئایار دەنگی لەسەر بدرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مادە و بڕگەکانی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى یەک بە یەک دەخرێنە دەنگدانەوە، دواتر کۆی پڕۆژەیاساکە دەخرێتە دەنگدانەوە.
 
دارا سێکانیانى گوتى: "بۆ دەنگدان لەسەر مادە و بڕگەکانیش پێویستە رێژەى یاسایى ئامادەبوونى پەرلەمانتاران تەواو بێت، ئەگەر لە کاتى دەنگدان بە یەکێک مادە یان بڕگەکان ژمارەیەک پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکە بکشێنەوە و رێژەی یاسایی تەواو نەبێت ئەوا دەنگدانەکە ناکرێت".
 
رۆژی 25ى ئایارى 2023 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەبێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگی لەسەر چەند پێشنیازێک دا، بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى و زیادکردنى چەند بڕگە و خاڵێک بۆ هەردوو مادەى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان. 
 
گۆڕانکارییەکان لەسەر پێشنیازى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و چەند پەرلەمانتارێکى شیعەى نێو لیژنەى دارایی بوو، یەکلاکردنەوەى ئەو  گۆڕانکارییانە لەنێو پەرلەمانى عێراق دەبێت، کە پێویستە دەنگى لەسەر بدرێت.
 
دارا سێکانیانى گوتى: "ئەگەر چەند مادە و بڕگەیەک وەک پێشنیاز لەلایەن لیژنەى داراییەوە بخرێتە نێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى و دەنگى پێویست نەهێنن لە دەنگدانى پەرلەمان، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر مادە و بڕگە رەسەنەکە  کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە. ئەگەر مادەیەکى یان بڕگەیەکى رەسەنیش کە لەنێو پڕۆژەیاساکەدا هەیە دەنگى پێویستى نەهێنا بە پەسندنەکراو هەژمار دەکرێت و نابێتە بەشێک لە یاساکە."