ئەوانەی لە بەغدا هێرشیان کردە سەر KFC دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ رێستۆرانتی کەی ئێف سی (KFC) لە شاری بەغدا بە نارنجۆک هێرشی کرایە سەر. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، دەستگیر کراون.
 
(کەی ئێف سی- KFC)  زنجیرە خواردنگەیەکی ئەمریکی تایبەت بە خواردنی خێرایە و نووسینگەی سەرەکی لە کێنتاکی ئەمریکایە، بە دووەم گەورەترین زنجیرە رێستۆرانتەکانی خواردنی خێرا لەدوای میکدۆناڵدز دادەنرێت.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، رۆژی یەکشەممە 26-05-2024 رایگەیاند، "دوو کەس بە سواری ماتۆڕسکیل نارنجۆکێکیان فڕێدابووە بەردەم یەکێک لە رێستورانتەکان لە گەڕەکی 605 لە ناوچەی فەلەستین لە بەری رەسافەی شاری بەغدا."
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، "لە ئەنجامدا زیان بەر رووی دەرەوەی رێستۆرانتەکە کەوت و دەستبەجێ ناوچەکەش داخرا. تیمێکی هاوبەش لە پۆلیسی باب شێخ، پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا و هەواڵگری پێکهێندرا و سەیری کامێراکانی چاودێرییان کرد بۆ دۆزینەوەی تاوانباران."
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی هەوڵەکان دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و دەست بەسەر دەمانچە و ماتۆڕسکیلەکەیشیان گیرا و هەردوو کەسەکەش رادەستی پۆلیس کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.