ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکە ناڕازییە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە بڕی پارەی تەرخانکراو لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بۆ پارێزگاکە ناڕازییە، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی پارێزگار و ئەندامانی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
شوکر مەحموود عامری، سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە رۆژی یەکشەممە 26ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە رۆژی 25ی ئایار نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی لە بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکە بۆ ساڵی 2024 بە شێوەیەکی فەرمی دەربڕی."
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە گوتیشی، "بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ بەسرە بۆ ساڵی 2024 تەنیا 852 ملیار دینارە، لە کاتێکدا بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکە لە ساڵی 2023دا دوو تریلیۆن و 890 ملیار دینار بوو."
 
عامری گوتی، "جیاوازی نێوان ئەم دوو بڕە پارەیە زۆر زۆرە، هەر بۆیە قبووڵکراو نییە. پارەکە بەشی پڕۆژەکان و قەرزەکانی پارێزگاکە ناکات."
 
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی کراوە کاریگەری نەرێنی و زۆر خراپی لەسەر گەشەپێدانی پارێزگاکە، تەواوکردنی پڕۆژەکان و پلانی گەشەپێدانی پارێزگاکە بە گشتی دەبێت."
 
عامری گوتیشی، "ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بڕیاریداوە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی هەریەک لە پارێزگاری بەسرە، بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگاکە و ئەندامانی بەسرە لە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە و بڕیاردان لەسەر هەنگاوی داهاتوو بکات."