عێراق پلانێکى جێگرەوەى شێوازى هاوردەکردنى گاز دەداتە تورکمەنستان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کارەباى عێراق پلانێکى جێگرەوە دەداتە تورکمەنستان بۆ هاوردەکردنى گاز، بەبێ ئەوەى پارە بداتە ئێران کە لە رێگەیەوە هاوردە دەکرێت.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەردانى زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەبا بۆ تورکمەنستان بۆ تاوتوێکردنى پێشنیازێکى جێگرەوەیە بۆ هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە عێراق."
زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق یەکشەممە 25ى ئایارى 2025 گەیشتە تورکمانستان و بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانى ئەو وڵاتە پرسى هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە تاوتوێ بکات، کە پێشتر یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەبارەیەوە واژۆ کردووە.
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، پێشنیازەکە ئەوەیە بە سیستمى مامەڵەکردنى Gas Swap کار بکەن بە شێوەیەک تورکمەنستان گاز بداتە ناوچەکانى باکوورى ئێران، کە هاوسنووریەتی و لە بەرانبەردا ئێران لە کێڵگەکانیەوە گاز بداتە عێراق.
ئەو پێشنیازە، جێگرەوەى هاوردەکردنى گازى تورکمەنستانە لە رێگەى بۆریى گواستنەوەى ئێران، بەهۆى ئەوەى عێراق ناتوانێت راستەوخۆ پارەى کرێى گواستنەوەى ئەو گازەى تورکمەنستان بداتە ئێران بەهۆى رێگریى سزاکانى ئەمریکا لەسەر ئێران.
ئەحمەد موسا گوتى، "ئەگەر رێککەوتن بکرێت، عێراق لەبرى ئێران پارەى گازە هاوردەکراوەکە لە رێگەى بانکى بازرگانیى عێراق دەداتە تورکمەنستان کە 20 ملیۆن مەتر سێجایە."
ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە، بەڵام لە وەرزى هاویندا خواست لەسەر کارەبا بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات، بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانە پێویستى بە هاوردەکردنى گازە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.