لە مەیسان بەهۆی نانخواردن لەسەر ئامێرێکی 'سی تی سکان' ستافێک دەردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
نانخواردن لەسەر ئامێرێکی سی تی سکانی نوێ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و فەرمانگەی تەندروستیی مەیسان رێوشوێن دەگرێتەبەر و ستافێک دەردەکات.
دوای ئەوەی وێنەی چەند کارمەندێک بڵاوکرایەوە، کە لەسەر ئامێرێکی نوێی سی تی سکان(CT-Scan) لە ناوەندی تیشک لە قەزای مەیمونەی پارێزگای مەیسان نان دەخۆن، کاردانەوەی کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.
محەممەد کینانی، گوتەبێژی تەندروستی مەیسان، رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رەفتارێکی نابەرپرسانە بوو، دەستبەجێ حەبیب زاهیر فەرتووسی، پارێزگاری مەیسان، فەرمانی گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی بەپەلە دەرکرد."
بە گوتەی محەممەد کینانی، پارێزگار بڕیاریدا "بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت" بۆ لیژنەی سەرپەرشتیار بۆ بەدواداچوونی وردەکارییەکانی رووداوەکە. ئاراستەکردنی ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی بۆ کۆمپانیای پەیوەندیدار و دەرکردنی ئەو ستافەی کە ئەو کارەیان کردووە، کە بە پێچەوانەی رێنماییە پیشەییەکان و رەوشتی فەرمانبەر دادەنرێت.
گوتەبێژی تەندروستیی مەیسان گوتی، رووداوەکە ئەمڕۆ روویداوە، ئەمانە کارمەندی تەندروستی نین، بەڵکو کارمەندی کۆمپانیاکەن کە ئامێرەکە دادەنێن، بڕیاردرا دەربکرێن. ئامێرەکەش "هێشتا لە قۆناخی دامەزراندن و داناندایە و تاوەکو ئێستا نەخراوەتە کار."
ئامێرەکە یەکێکە لە ئامێرە نوێ و پێشکەوتووەکان کە لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێنانی پارێزگای مەیساندا دابینکراوە و لە ناوەندی تیشک لە قەزای مەیموونە دادەنرێت، کە دروستکراوی وڵاتی ژاپۆنە و لە بەرهەمی کۆمپانیای فوجی (Fuji) یە.