شێخموس ئەحمەد بۆ رووداو: کامپی هۆل نادرێتە دەست حکومەتی سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی سووریا سەردانی کامپی هۆلی کرد. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی رێڤەبەری خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەبەست لە سەردانی شاندی حکومەتی سووریا بۆ کامپەکە، گەڕاندنەوەی خێزانە سووریاییەکانی ئاوارەی ئەو کامپە بوو بۆ شوێن و زێدی خۆیان."

شێخموس ئەحمەد راشیگەیاند، "ئەو هەنگاوە لەسەر داوای رێڤەبەری خۆسەر بوو و بەپێی بڕیاری 23/01/2025 جێبەجێکرا، کە بەپێی ئەو بڕیارە دوای رووخانی رژێمی بەعس؛ هەموو ئاوارەکانی کامپی هۆل و کامپ و ناوچەکانی دیکەش بگەڕێنەوە شوێن و زێدی رەسەنی خۆیان."
 
وەک شێخمووس ئاماژەی پێدەکات، "بەپێی رێککەوتننامەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا؛ ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپیش دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
 
بەگوێرەی شێخموس ئەحمەد، ژمارەی ئاوارە سووریاییەکانی نێو کامپی هۆل 15 بۆ 16 هەزار کەسن.
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری کۆچبەر و پەنابەرانی رێڤەبەری خۆسەر، "ئەم سەردان و کۆبوونەوەیە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدایە، بۆ گەیشتن بە میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی شێوازی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە بۆ شوێن و زێدی خۆیان."
 
سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کامپی هۆل لەلایەن حکومەتی سووریا یان دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی هاوبەش بۆ کامپەکە؛ شێخموس ئەحمەد گوتی، "ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە."
 
هۆل گەورەترین کامپی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و نزیکەی37 هەزاری خەڵکی دەیان وڵاتی تێدایە، لەنێویاندا 14 هەزار و 500 عێراقی.