گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بۆ رووداو: 11 تریلیۆن دینار قەرزی گازى ئێرانمان دایەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق دەڵێت، وەزارەتەکەی سەرجەم ئەو قەرزەى هاوردەکردنى گازى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە لەسەر وەزارەتەکەیان هەبووە، داوەتەوە کە 11 تریلیۆن دینار بووە.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رۆژی دووشەممە 26-6-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرجەم ئەوە قەرزەى لەسەرى بووە تایبەت بە هاوردەکردنى گاز لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە داویەتییەوە، کە بڕەکەى 11 تریلیۆن دینار بووە.
 
بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کارەباى عێراق، ساڵانە پێویستیان بە هاوردەکردنى گازە بە بەهاى هەشت تریلیۆن دینار بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق گوتی، ئەو بڕە قەرزەیان لە سندووقى سپاردەى بانکى بازرگانیى عێراق (TBI) داناوە و ئێران لەوێوە پارەکە وەردەگرێتەوە. 
 
بەهۆى سزاکانى ئەمریکاوە لەسەر کۆمارى ئیسلامى ئێران، عێراق رووبەڕووى ئەستەنگ بووەوە بۆ دانەوەى ئەو قەرزەى بەهۆى هاوردەکردنى گازەوە لەسەرى کەڵەکە ببوو.
 
عێراق ساڵانە بە بەهای نزیکەی 4 ملیار دۆلار گاز و کارەبا لە ئێرانەوە دەکڕێت بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی. ئەو گاز و نەوتە هەناردەکراوە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو نەوت و گازە پێکدەهێنێت لە عێراق بەکاردەهێنرێت. ساڵانەش لە وەرزی هاویندا ئەو گاز و نەوتە هەناردەکراوە جاروبار دەبڕدرێت و ئەوەش کێشە بۆ عێراق دروست دەکات.