یاساى بودجەى گشتیى عێراق کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە


رووداو دیجیتاڵ

یاسای بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە و بە فەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.

26ى حوزەیرانى 2023 ژمارەیەکى نوێى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە، کە یاساى بودجەى گشتیى تێدایە، بەوەش یاساکە کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە و دەبێت وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵیى عێراق رێنوێنیی جێبەجێکردنى بۆ دەربکات.

یاساکە بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا؛ لە 21ى حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە، کە دوا قۆناخى بەر لە کارابوونى یاساکەیە.

یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لە کاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو، کاتێک لە حکومەتەوە نێردرا.

لەدواى ساڵى 2021 یەکەمجارە یاساى بودجە لە عێراق پەسند بکرێت، کە ئەو کات قەبارەکەى 129 تریلیۆن و 993 ملیار دینار بوو.