بەبیابانبوون تەنگی بە دانیشتووانی زیقار هەڵچنیوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەدەگی ئاوی ژێرزەوی لە پارێزگاکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئاوی ژێرزەوی تادێت زیاتر دادەبەزێت؛ ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بەرۆکی دانیشتووانی پارێزگاکەمانی گرتووە."
 
زەینب ئەسەدی گوتی، "زۆربەی زۆنگاوەکانی باکووری پارێزگاکەمان وشکبوون و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی لە رێگەی رووباری دیجلەوە هەندێکیان ببووژێنینەوە، بەڵام زۆنگاوە وشکبووەکانی دیکەی پارێزگاکەمان بێ چارەسەرن."
 
زستانی رابردوو رێژەی بارانبارین لە زیقار کەمتر بووە لە 50 میلیمەتر، لە کاتێکدا زستانی پێشووتر رێژەکە سەروو 80 میلیمەتر بووە. 
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی زیقار، "ئەم ساڵ لە پارێزگاکەمان وشکەساڵی بوو؛ رێژەی ئاو لە زۆنگاوەکانیشدا بۆ نزیکەی نیو مەتر کەم بووتەوە، لە کاتێکدا پار هیچیان لە مەترێک کەمتر نەبوون. بەدڵنیاییەوە لەم وەرزەدا ئەو نیومەترەش کە ماوە کەمتر دەبێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری دەبێتە هەڵم."
 
بەگوێرەی ئاماری دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای زیقار، تاوەکو تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 10 هەزار خێزان کە نیشتەجێی دەوروبەری زۆنگاوەکان بوون، بەهۆی بەبیابانبوونی ناوچەکانیانەوە ئاوارە بوون.
 
زەینەب ئەسەدی دووپاتی دەکاتەوە، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کردووە، بۆ ئەوەی لێدانی چەند بیرێکی ئیرتیوازی لە پارێزگاکەیاندا، چونکە بە گوتەی خۆی، "بەشێکی هاووڵاتییان بەهۆی وشکبوونی زۆنگاوەکان و بەبیابانبوونەوە ئاوارەبوون."
 
پارێزگای زیقار کە بە شاری زۆنگاوەکان ناسراوە، دەکەوێتە باشووری عێراق و ناوەندی پارێزگاکە شاری ناسریەیە.
 
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری عێراق، ژمارەی دانیشتووانی زیقار زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە.