سیستانی داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە 'برسیکردن' لە غەززە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعى باڵاى شیعەکان داوا لە وڵاتان دەکات، ئیسرائیل ناچار بکەن رێگە بە گەیاندنی خۆراک بە غەززە بدات.
نووسینگەى عەلى سیستانى لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "دوای نزیکەی دوو ساڵ لە کوشتن و وێرانکاریی بەردەوام کە لە ئەنجامدا سەتان هەزار شەهید و بریندار و رووخاندنی تەواوی شارەکان و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی لێکەوتەوە، ئێستا گەلی ستەملێکراوی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، بەدەست دۆخی ژیانی لە رادەبەدەر خراپەوە دەناڵێنن."
عەلی سیستانی دەڵێت، "کەمیی خۆراک بووەتە هۆکاری برسێتییەکی فراوان، تەنانەت منداڵ، نەخۆش و بەساڵاچووەکانیش لێی سەلامەت نەبوون."
مەرجەعى باڵاى شیعەکان ئاماژە بەوە دەکات کە "جگە لەم وەحشیگەرییە هیچی دیکە لە هێزە داگیرکەرەکان چاوەڕوان ناکرێت، کە ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیانە بۆ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان لە زێدی خۆیان، بەڵام لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەوە چاوەڕوان دەکرێت، رێگە نەدەن ئەم کارەساتە گەورە مرۆییە بەردەوام بێت."
عەلی سیستانی داواش دەکات ئەو وڵاتانە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە "بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەساتە و هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ ناچارکردنی قەوارەی داگیرکەر و لایەنگرەکانی، بە رێگەدان بە گەیاندنی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان بە زووترین کات."
عەلی سیستانی دەڵێ، "دیمەنە ترسناکەکانی برسێتیی بەربڵاو لە کەرتی غەززە کە لەلایەن میدیاکانەوە پەخش دەکرێن، رێگە بە هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان نادات چێژ لە خواردن و خواردنەوە وەربگرێ."
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 59 هەزار و 676 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیل بوون.
رۆژی هەینی، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاند، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی غەززە "ماوەی چەندین رۆژە هیچیان نەخواردووە"
نەخۆشخانەکانی غەززەش رایانگەیاند، رۆژی هەینی 9 کەسی دیکە بەهۆی برسێتیی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە. بەمەش کۆی ئەوانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 122 کەس.