کۆمیسیۆن دوو بەربژێری پارتیی گەڕاندەوە و سکاڵایەکی لە دژی حەلبووسی رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری گەڕاندنەوەی دوو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانی دەرکرد، کە پێشتر دوورخرابوونەوە، هاوکات سەجاد سالم، پەرلەمانتاری ئێستا، لە بەربژێربوون دوورخستەوە و سکاڵایەکیشی دژی محەممەد حەلبووسی رەتکردەوە.
 
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دووشەممە، 25-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی سەجاد سالم-ی لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند کردووە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگی ئەندامان دەرچووە.
 
سەجاد سالم، کە ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراقە، لەسەر لیستی "هاوپەیمانیی بەدیل" و بە ژمارە یەک لە پارێزگای واست خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەربژێر کردبوو. لە هەڵبژاردنی پێشوودا وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ 10,291 دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
هاوکات، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لەلایەن موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمەوە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم تۆمارکرابوو و داوای دوورخستنەوەی کرابوو.
 
لە بڕیارێکی دیکەدا، کۆمیسیۆن هەردوو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، مەروان حەسەن ئەترووشی و ئەلیار مارۆ شاقولی، لە پارێزگای نەینەوا گەڕاندەوە، کە پێشتر بەهۆی رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە دوورخرابوونەوە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە، 627 بەربژێر بە هۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە، لەوانە:
 
• 290 بەربژێر بەهۆی رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری
• 106 بەربژێر بەهۆی هەبوونی دۆسیەی تاوان
• 15 بەربژێر بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
• 4 بەربژێر بەهۆی ساختەکاری
• 10 بەربژێر لە پێکهاتەی کریستیان
• 163 بەربژێر بەهۆی گۆڕانکاری لەنێو لیستەکاندا
 
تاوەکو ئێستا 7440 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ماونەتەوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.