بەربژێرێک بەتۆمەتى هەڵخەڵەتاندنى دەنگدەران دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە تۆمەتى هەڵخەڵەتاندنى دەنگدەران دەستگیرکرا، بەگوێرەى ئەو دادگەیەى کە دۆسیەکەى لەبەردەستە، بەربژێرەکە بەڵێنى دامەزراندنى بە دەنگدەران داوە.
بەگوێرەى راگەیێنيراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە, 26ى ئابى 2025 بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بەربژێرە بەفەرمانى دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم لە بەغدا دەستگیرکراوە.
دادگەکە رایگەیاندووە: "یەکێک لە بەربژێرانى هەڵبژاردنی پەرلەمانمان دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی دەنگدەرانى هەڵخەڵەتاندووە و فێڵى لێکردوون لە رێگەی پێدانی بەڵێنی دامەزراندنیان لە دامەزراوە حکومییەکان و پێدانى قەرز یان مووچە لە فەرمانگەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، لە بەرامبەر ئەوەى دەنگى پێ بدەن" .
بەگوێرەى دادگەکە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە دۆسیەى ئەو بەربژێرە ئاگادارکراوەتەوە بە مەبەستى دوورخستنەوەى لە بەربژێربوون، بەبێ ئەوەى ناوى بەربژێرەکە بڵاو بکاتەوە.
ئەو بەربژێرە بەگوێرەى هەردوو مادەى 30 و 32ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەستگیرکراوە ، ئەو دوو مادەیە تایبەتن بە رێگرى لە هەڵخەڵەتاندنى دەنگدەر بە دەستکەوتى دارایی و بەکارهێنانى فەرمانگەى حکومی و پەرستگاکان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.
تائێستا زیاتر لە 627 بەربژێر پەرلەمانى عێراق بەهۆکار جیاواز دوورخراونەتەوە، 15 بەربژێریان بەبڕیارى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بووە.
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، کە هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
نزیکەی 8 هەزار کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردووە و رکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن. بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێویستە وردبینی لە دۆسیەکانیاندا بکرێت و دواتر کۆمیسیۆن ناوەکانیان پەسند بکات.